رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی پردێ دوو چەکداری نەناسراو، دەستڕێژی گوللەیان لە بارەگایەکی حەشدی شەعبی کرد، چەکدارێکی هێزە شیعییەکە کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندارە و برینەکەی سەختە.
عەمید عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند، ''لە پردێ ماتۆڕسوارێک تەقەی لە خاڵێکی حەشدی کردووە و لە ئەنجامدا چەکدارێکی حەشد کوژراوە و یەکێکی دیکە بریندار بووە.''
چەکدارە کوژراوەکەی حەشدی شەعبی ناوی عەلی بەهجەت حامد-ە. بریندارەکەش لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک چارەسەری بۆ دەکرێت. ئەو هێزەی هێرشی کراوەتە سەر، حەشدی تورکمانییە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەش کرد، ''تاوەکو ئێستا روون نییە ئەو هێرشە لەلایەن کێوە کراوە، کەسیش دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.''
پەیامنێری رووداو لە پردێ رایگەیاند، "کاژێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو چەکدار لەسەر ماتۆڕسکیلێک تەقەیان لە پاسەوانانی بارەگای فەوجێکی لیوای 16ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی کردووە، یەکێک لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بە ناوی عەلی بەهجەت کوژراوە و یەکێکی دیکەش بریندارە.
پەیامنێری رووداو گوتیشی، "بارەگای فەوجەکەی حەشدی شەعبی، چەکداری حەشدی تورکمانین، فەرماندەکەیان عەلی بەغدادییە.''
هێزی ئەمنی چوونەتە شوێنەکە، هەروەها فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیش چووەتە کەرکووک.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند: "دیار نییە هۆکاری هێرشەکە چییە، هێزێکی زۆری ئەمنی لە پردێ بڵاوەیان پێکراوە، ئامانجیان دەستگیرکردنی تەقەکەرەکانە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی پۆلیسی پردێ بۆ رووداو، "چەکدارەکان زیاتر لە 9 گوللەیان تەقاندووە، دواتریش بۆ شوێنی نادیار هەڵاتوون.''
شارۆچکەی پردێ لەرووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای دوبزە لە باکووری رۆژئاوای کەرکووک، دانیشتووانەکەی، زۆرینەی کورد و تورکمانن، بە دووری 40 کیلۆمەتر لە ناوەندی کەرکووک و 50 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە.



.jpg&w=3840&q=75)