رووداو دیجیتاڵ
لە سەردەمی
خێرایی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا کە ئۆتۆمبێلی کارەبایی و بەنزین بازاڕەکانیان
تەنیوە، مام مستەفا هێشتا متمانەی بە هاوڕێ دێرینەکەی هەڵچنیوە؛ گوێدرێژەکەی کە
زۆربەی کارەکانی رۆژانەی پێ ڕادەپەڕێنێت، لای ئەو هێشتا ڕکابەری ئۆتۆمبێلە
پێشکەوتووەکان دەکات.
مام مستەفا لە
حەفتاکانی تەمەنیدایە و دانیشتووی گوندی بێتواتیی شارباژێڕە. لە منداڵییەوە تاوەکو
ئێستا، ڕێگەی گەیشتن بە گوندەکەی هەر خۆڵ و بەرد بووە؛ رێگەیەک کە زۆرجار یادگاریی
تاڵی بۆ تۆمار کردووە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەو ڕووداوەی بەسەر کوڕەکەیدا هاتووه.
مستەفا رەشید،
گوندنشین لەبارەی ڕێگە سەختەکەیانەوە بە رووداوی راگەیاند: "کوڕەکەم لەم رێگە
سەختە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوو، خوا رەحمی کرد. ئێستاش ڕێگەیەکی سەختە و هەموو
ئەرکەکانمان کەوتووەتە سەر شانی گوێدرێژەکەم."
گۆرانگە،
بێتوات، وەڕاس، دێگەڵە و گردەزبێر؛ پێنج گوندی بەپیت و بەرهەمداری شارباژێڕن. رێگەی
گەیشتن پێیان 13.5 کیلۆمەتر لە رێگەی سەرەکیی ماوەت – قەڵاچوالانەوە دوورە.
عوسمان ڕەسول،
گوندنشینێک لەبارەی تێچووی چاککردنی ڕێگەکەوە بە رووداوی گوت: "تێچووی
قیرتاوکردنی ڕێگەکە نزیکەی دوو ملیار و نیو بوو بەڵام هەر چاک نەکرا؛ ئێستا کە
کەرەستە گران بووە، تێچووەکەی زیاتریشی دەوێت."
بەرهەمی هەنار،
تەماتە، گێلاس و خەیاری جووتیارانی ئەو ناوچەیە بەرهەمێکی گەش و ئاودارە، بەڵام
بەر لەوەی بگەنە عەلوە، تەپوتۆزی رێگە خۆڵینەکان سیمای ئەو بەرهەمانە دەگۆڕێت و
زیانیان پێدەگەیێنێت.
عەبدوڵڵا
محەممەد، گوندنشین لەبارەی زیانی بەرهەمەکانیانەوە بە رووداوی راگەیاند:
"بەرهەمەکانمان وێران دەبن؛ تاوەکو دەیاننێرینە شار هەمووی تۆزاو بە تۆزاو
دەبێت و کەس لێمان ناکڕێت."
دانیشتووانی
ئەو پێنج گوندە نزیکەی هەزار کەسن؛ دوورترین گوندیان گۆرانگەیە کە تەنیا 30
کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە دوورە. سەرئێشەیەکی دیکە کە بۆ ئەو گوندانە دروستبووە،
باری قورسی ئەو بارهەڵگرانەیە کە بەردی کانەبەردەکان لەو ناوچەیەوە بەو رێگە پڕ لە
چاڵوچۆڵەدا بۆ فرۆشتن دەبەنە سلێمانی.

.jpg&w=3840&q=75)
