رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیا فڕۆکەوانییە تورکییەکان بە شێوەیەکی کاتی ژمارەیەک لە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندووەتەوە، ژمارەیەک گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ماونەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆمپانیاکانن.
"ئیمەیلمان بۆ نەهاتووە لەبارەی هەڵوەشانەوەی گەشتەکان"
کارزان محەممەد، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سلێمانییە و بە رووداوی گوت، "لەگەڵ منداڵەکانم بەنیاز بووین لە رێگەی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاینز بە شێوازی ترانزێت بگەڕێینەوە بۆ بەریتانیا، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هیچ ئیمەیلێکمان بۆ نەهاتووە، کەچی لە فڕۆکەخانە گوتیان گەشتەکان هەڵوەشاونەتەوە."
ئەو هاونیشتیمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، "وەستانی گەشتەکان زۆر کتوپڕ بوو، ئێمەش دەبێت لە کاتی خۆمان بگەڕێینەوە بۆ بەریتانیا، لەبەر ئەوەی کارمان هەیە و منداڵەکانیش دەچنەوە بۆ قوتابخانە، بۆیە پێویست بوو کۆمپانیا پێشتر ئاگادارمان بکاتەوە."
بەپێی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ئەمڕۆ هەریەک لە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی تورکش ئێرلاینز، ئەی جێت و پێگاسۆس، گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی گەشتەکان ئەو هێرشانە بوون کە سوپای پاسداران کردینییە سەر هەولێر، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا چەند شارێکی ئێرانیان بۆردوومان کرد.
بەهۆی هێرشەکانی سوپای پاسداران، باڵۆنی چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر فڕۆکەخانەی هەولێر و سیستمی بەڕێوەبردنەکەی تێکشکاوە، ئەمە بەپێی سوپای پاسداران و دوو سەرچاوەی ئەمنی بۆ رووداو.
لە سلێمانی تەنیا یەک گەشت هەڵوەشاوەتەوە
هەروەها لە سلێمانیش کاژێر 09:00 گەشتێکی هێڵی ئاسمانیی ئەی جێتی تورکی هەبوو، بەڵام بەپێی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی گەشتەکە هەڵوەشاوەتەوە.
کارگێڕی فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی بە رووداوی راگەیاند، "هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی ئەی جێت بۆ تورکیا لەسەر داوای کۆمپانیاکە بووە، بەڵام بۆ ئەمشەو کاژێر 02:00 هێڵی ئاسمانیی پێگاسۆس گەشتێکی هەیە لە سلێمانییەوە بۆ تورکیا و تاوەکو ئێستا ئەم گەشتە هەڵنەوەشاوەتەوە."
هێڵی ئاسمانیی فلای ئەربیل گەشتەکانی نەوەستاوە
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی فلای ئەربیل بە رووداوی راگەیاند، "کۆمپانیاکەیان ئەمڕۆ 4 گەشت ئەنجام دەدات، لەوانە 3 گەشتیان بۆ ئەڵمانیا و گەشتێکیش بۆ تورکیا."
مەموندی گوتیشی، "ئاگاداری بارودۆخی ناوچەکەین، بەڵام گەشتەکانمان بەردەوام دەبێت و دڵنیایی دەدەینە گەشتیارانمان کە گەشتەکان وەکو خۆی دەڕوات و هیچ گەشتێک هەڵناوەشێتەوە."
شەوی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل هۆشداریی بە هاووڵاتییانی دا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رایگەیاند، ئەگەری دەستپێکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە هەیە و رەنگە گەشتە ئاسمانییەکان هەڵبوەشێندرێنەوە.


