رووداو دیجیتاڵ
سوهەیب ئیدریس، راوچییەکە لە دەریاچەی دووکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین،
بە شێوازێکی جیاواز و تەکنەلۆجی کارەکەی دەکات؛ ئەو لە رێی بەکارهێنانی کامێرای
بچووکی ژێرئاوەوە ماسی راو دەکات.
ئەو تەکنیکەی سوهەیب پشتی پێ دەبەستێت بریتییە لە جێگیرکردنی کامێرایەکی
بچووک بەسەری قولابەکەیەوە؛ هاوکات خۆی لە کەناری دەریاچەکەوە لە رێی شاشەیەکی
زیرەکەوە چاودێریی ژێر ئاوەکە دەکات.
هەرکاتێک ماسییەکە خۆراکی سەر قولابەکە بخوات و پێوە ببێت، لە رێیی
شاشەکەوە دەیناسێتەوە و قولابەکە رادەکێشێت؛ بەمەش بە ئاسانی و بێ گرفت ماسییەکە
دەگرێت.
سوهەیب لەبارەی سوودی تەکنەلۆجیاکەوە بۆ راوکردن بە رووداوی راگەیاند، ئەو
کامێرایە راوکردنی زۆر بۆ ئاسان کردووە؛ چونکە پێش ئەوەی قولابەکان بخاتە نێو
دەریاچەکە، لە رێی کامێرەکەوە کەشفی ناو ئاوەکە دەکات تاوەکو بزانێت چ جۆرە
ماسییەک لەو شوێنەدا بوونی هەیە.
