رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی
سووریا بڕیاریداوە لە ناوچە کوردنشینەکاندا خوێندن بە زمانی عەرەبی بێت، ئەمەش ناڕەزایی
بەشێک لە هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، "لە هەر
شتێک خۆش دەبن، لە زمانی کوردی خۆش نابن."
رۆسێڤ عەلی، قوتابییەکی پۆلی
10ـە و 10 ساڵە بە زمانی کوردی دەخوێنێت، بەڵام بەگوێرەی بڕیارێکی نوێی حکومەتی
سووریا، دەبێت بە زمانی عەرەبی درێژە بە خوێندنەکەی بدات. رۆسێڤ دەڵێت، "ئەگەر
بگەڕێمەوە سەرەتا و زمانی عەرەبی بخوێنم، شتێکی زۆر ئەستەمە. نەک تەنیا من لەو دۆخەدام،
هەموو هاوڕێکانم وەک منن."
رۆسێڤ، لەگەڵ بەشێک لە قوتابیان
و مامۆستایان و هاونیشتمانیی دیکە لە خۆپێشاندانێکدا بەشدارە و پەیامێکی ئاراستەی
بەرپرسان کرد و گوتی، "پەیامی من بۆ بەرپرس و دەسەڵاتداران ئەوەیە، دەزانین قۆناخەکە
سەختە و بۆیە دەستبەرداری زۆر شت بووین، بەڵام هیوادارین زمانی کوردی نەبێت."
باوکێک دەستی دوو منداڵەکەی
گرتووە و لەگەڵ خۆی هێناونیەتییە نێو خۆپێشاندەران. منداڵەکان کتێبەکانیان بەدەستەوەیە
و یەکێکیان کە ناوی قەدەر محەممەد عەلییە، دەڵێت، "من بە کوردی دەخوێنم."
ئارشەک باراڤی، مامۆستای زمانی
کوردییە و دەڵێت، نزیکەی 5 هەزار قوتابی هەبووە و بڕیارەکەی حکومەتی سووریا بە
"هەڵە" و "نیازباش نییە" ناودەبات. ئەو مامۆستایە دەڵێت،
"کاتێک وەک برای خۆیان بمانبینن، ئێمە و زمانەکەشمان قبووڵ دەکەن. ئەوان دەیانەوێت
بەو چەند کاژێرە زمانەکەمان داگیر بکەن."
ئارشەک باراڤی، لە ساڵی 1986ـەوە
بە نهێنی وانەی کوردی گوتووەتەوە و بەهۆی ئەوە چەند جارێک لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی
سووریاوە بە تۆمەتی "وانەگوتنەوە بە زمانێکی بیانی" دەستگیر کراوە.
رۆژی 27ـی ئابی ئەمساڵ، وەزارەتی
پەروەردەی حکومەتی سووریا بڕیاریدا لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن،
وانەی زمانی کوردی هەفتانە بۆ 3 کاژێر کەمبکرێتەوە و کاژێرێکیش بۆ چالاکی تەرخان
بکرێت، بەڵام پرۆگرامی خوێندن بە زمانی عەرەبی دەبێت.

