رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکان لە قەزای خانەقین، فەرماندەیەکی پێشووی حەشدی شەعبییان دەستگیرکرد و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رەتیدەکاتەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی لقی پارتی و مەڵبەندی یەکێتی دەرکرابێت.
رۆژی دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی ئەمنی دیالە، بە رووداوی راگەیاند: "هێزێکی هەواڵگریی پارێزگاکە (کامەران وەیس موراد)یان لە قەزای خانەقین دەستگیرکردووە، ئەوەش بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گوتەی تائیفی".
بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە، کامەران وەیس موراد، بەپێی مادەی 200ـی یاسای سزاکانی عێراقی دەستگیرکراوە. یاساکە تایبەتە بە نانەوەی ئاژاوەی تائیفی، رەگەزپەرستی و نەتەوەیی.
هاوکات، نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بە رووداوی گوت: "هیچ کەسایەتییەکی سیاسی و بەرپرسی دیکە لە خانەقین دەستگیرنەکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هیچ کەس و سیاسییەک دەرنەکراوە و تەنیا یەک کەس دەستگیرکراوە ئەویش ئەبوو مونتەزر دەلۆیی یە".
کامەران وەیس موراد کە بە (ئەبوو مونتەزر دەلۆیی) ناسراوە، فەرماندەی حەشدی شەعبی بووە سەر بە فەوجی خانەقینی لیوای 110.
ئەبوو مونتەزر سەرەتا لە رێکخراوی بەدر بووە و لە خانەقین بەرپرسیارێتیی پێدراوە. دواتر چووەتە نێو عەسائیبی ئەهلی حەق و پاشان لێیان جیابووەتەوە.


