رووداو ديجيتاڵ
لە نۆ ساڵدا ژمارەی ئەو قوتابخانانەی لە خانەقین خوێندنی کوردیین و سەر بە بەغدان بۆ نیوە کەمیکردووە. ئەم ساڵ رێکار بۆ داخستنی چوار قوتابخانە گیراوەتەبەر لەسەر بنەمای راسپاردەیەکی دەستەی دەستپاکی و نووسراو بۆ پەروەردەی عێراق کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.
زهور خودايخش، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بۆ ئەم ساڵ رێکار بۆ داخستنی چوار قوتابخانەی کوردی لە خانەقین گیراوەتەبەر لەسەر بنەمای راسپاردەیەکی دەستەی دەستپاکی عێراق بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و توانای مرۆیی".
ئەو ڕاسپاردەیەی دەستەی دەستپاکی لە ساڵی 2025 دەرچووە و بۆ ئەوەیە ئەو قوتابخانانەی قوتابییان کەمە، لەگەڵ قوتابخانەی دیکە تێکەڵ بکرێن، بەڵام زوهور خودایش دەڵێت: "ئەو هەنگاوە جۆرێکە لە بەعەرەبکردن و دژی مادەی 140ی دەستوورە. ئێمە لەگەڵ رێکخستنەوەی میلاکین، بەڵام لەگەڵ داخستنی قوتابخانە نین."
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سنووری خانەقین 20 قوتابخانەی کوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق هەن؛ 16ـیان سەرەتایین، دووانیان ناوەندین (یەک بۆ سێ) و یەکێکیان ئامادەییە و ئەوی دیکەیان باخچەی منداڵانە، بە تێکڕا نزیکەی سێ هەزار قوتابییان هەیە. شەش قوتابخانەیان کەمتر لە 15 قوتابییان هەیە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دیالە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی کردووە، داوا کراوە کە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە قەزای خانەقین بەدەربکرێن لەو رێکارانەی لەبەر رۆشنایی راسپاردەکەی دەستەی دەستپاکی دەگیرێنەبەر، بەوپێیەی ناوچەکە مادەی 140ی دەستوور و یاسای ژمارە 30ی ساڵی 1978 دەیگرێتەوە.
یاسای ژمارە 30ی ساڵی 1978 تایبەتە بە قوتابخانە سەرەتاییەکان و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە نابێت هیچ پۆلێک لە 15 قوتابی کەمتر بێت، ئەگەر قوتابخانەیەک هەبێت کە ژمارەی قوتابییەکانی کەمتر بێت لە 15 قوتابی و نەیانتوانی بچنە قوتابخانەیەکی نزیکتر، یەکلاییکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی پەروەردەی پارێزگایەک بجێدەهێڵدرێ. هەروەها یاساکە رێگەی داوە لە شوێنە دوورەدەستەکان قوتابخانە هەبێت کە یەک مامۆستای هەبێت.
لە 9ی تەممووز، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی گەرمیان، نووسراوێکی لەبارەی ئەو کێشەیە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق کرد، تێیدا ئاماژەی بەو پرسە کردووە بۆ ئەوەی رێکاری داخستنی ئەو چوار قوتابخانەیە رابگیرێ لە نووسراوەکەدا هاتووە و دەڵێ: "ئەوەی پەیوەندیدارە بە قوتابخانەکانی خاوەن یەک مامۆستا، تایبەتمەندیی سیاسی و مافی دەستوورییە و مادەی 140 دەیانگرێتەوە."
سروە محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوەکەی خۆی و پەروەردەی دیالە لەلایەن وەزیری پەروەردەی عێراقەوە ئاراستەی فەرمانگەی خوێندنی کوردی لە وەزارەت کراوە، هەر کە وەڵامەکەی هاتەوە ئاراستەی دەستەی دەستپاکی دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "داخستنی ئەو چوار قوتابخانەیە رادەگرین، چونکە بەگوێرەی مادەی 140ی دەستوور نابێت ئەو بڕیارە بدرێت."
بەدواداچوونی رووداو لەگەڵ بەرپرسانی سنووری قەزای خانەقین دەریخستووە کە لە ساڵی 2017 و بەر لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، زیاتر لە 47 قوتابخانەی کوردی هەبوون کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق بوون.
لە خانەقین 32 قوتابخانەی دیکەی خوێندنی کوردی هەن کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن و زیاتر لە 4500 قوتابییان هەیە.
حەسەن محەممەد، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "جاربەجار قوتابیمان لە خوێندنی کوردی سەر بە بەغداوە بۆ دێت، بەتایبەت قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی."
بەگوێرەى ئامارێک کە دەست رووداو کەوتووە، لە سنوورى قەزاى خانەقین 231 قوتابخانە هەن کە شەشیان ئەهلین، بەوپێیە قوتابخانە کوردیەکان 8.6%ى تێکراى قوتابخانەکانى قەزاکەن.



