رووداو دیجیتاڵ
دووانەیەکی شەش ساڵان لە تاڤگەی بیشەی لوڕستاندا خنکان. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی خوڕەماوای پارێزگاکە دەڵێ، دوای هەوڵێکی زۆر، تەرمی هەردوو خوشکەکە لە رێڕەوی رووباری سێزاردا دۆزراوەتەوە.
رووداوەکە دوێنێ یەکشەممە 30-08-2026 لە خوڕەماوای پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە. ئەبوزەر موسەوی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی شارەکە رایگەیاند، دووانەیەکی شەش ساڵە بە ناوەکانی (ستایش) و (نیایش بەیرانوەند) لە تاڤگەی بیشەدا خنکاون.
بەگوتەی ئەبوزەر موسەوی، دوای رووداوەکە، دەستبەجی تیمەکانیان دەستیان بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان کردووە و ''دواتر تەرمی یەکێک لە منداڵەکان لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزرایەوە و تەرمەکەی دیکەش لەلایەن چەند ماسیگرێکەوە لە رێڕەوی رووباری سێزاردا دەرهێنراوەتەوە.''
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی خوڕەماوا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان، لەکاتی سەردانیکردنی تاڤگەی بیشە، بۆ پاراستنی خۆیان لە هەر رووداوێکی نەخوازراو، پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی بن.
تاڤگەی بیشە دەکەوێتە 65 کیلۆمەتریی شاری خوڕەماوا و 30 کیلۆمەتریی باشووری رۆژهەڵاتی شاری دورود لە پارێزگای لوڕستان.
بەرزیی تاڤگەکە نزیکەی 48 مەترە و دەڕژێتە نێو رووباری سێزار.



