رووداو دیجیتاڵ
لێکەوتەکانی سیاسەتی تەعریب هێشتا کاریگەریی لەسەر جووتیارانی کورد و تورکمانی خورماتوو ماوە؛ عەبدوڵڵا حوسێن، سکرتێری پێشووی قوسەی کوڕی سەدام، کە بە تاوان داواکراوە، دەیەوێت 500 دۆنم زەوییان لێ وەربگرێتەوە.
کێشەکە لەسەر 500 دۆنم زەویی کشتوکاڵییە لە گوندی رەفعەت بەگ، کە مێژووی خاوەندارێتییەکەی بۆ 150 ساڵ لەمەوبەر بۆ کورد و 54 ساڵ بۆ تورکمان دەگەڕێتەوە. ئەو زەوییە لە ساڵی 1995 و لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبکردندا، بەناوی عەبدوڵڵا حوسێن تاپۆ کرا. بەگوتەی جووتیاران، دواتر سەدام حوسێن خۆی بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە و فەرمانی کردووە زەوییەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.
فرمێسک داود، پارێزەرە و دەڵێت: "بەپێی یاسا، تۆمەتبار ناتوانێت وەکالەت بۆ هیچ کەسێک بکات تاوەکو خۆی رادەستی دادگە نەکات. بەڵام بۆ ئەو کەسە وەکالەتنامەیەکی نایاسایی رێکخراوە، چونکە لە دەرەوەی وڵاتە و فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە."
پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "پێدەچێت کارە یاساییەکانی لە رێگەی باڵیۆزخانەیەکی عێراقەوە کردبێت و ناوی نەدرابێت بە پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) "
محەممەد عاسی، نوێنەری جووتیارانی گوندی رەفعەت بەگ، گوتی: "ئێمە نازانین تاپۆی ئەو زەوییە چۆن نوێکراوەتەوە، چونکە ئەگەر تاپۆ بووایە، گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ ئێمە نوێ نەدەکرایەوە. دەبێت دادگە ئەم کێشەیە یەکلایی بکاتەوە."
بورهان زاهیر، یەکێک لە جووتیارە زیانلێکەوتووەکان، دەڵێت: "دوای زیاتر لە 30 ساڵ، کەسێک پەیدا بووە و داوای موڵکی باوباپیرانمان دەکات. جێگەی سەرسوڕمانە، نووسراوە فەرمییەکانی ئێمە کارناکات، بەڵام نووسراوەکانی ئەو کاری پێدەکرێت."
دۆسیەکە ئێستا لەسەر سکاڵای 42 جووتیاری کورد و تورکمان لە دادگەی خورماتووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، سکرتێرەکەی پێشووی قوسەی، زەوییەکەی بە نرخێکی کەم فرۆشتووە، سەرەڕای ئەوەی دۆسیەکەی لە دادگە یەکلایی نەبووەتەوە.


