رووداو دیجیتاڵ
16یـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە لە هەولێر کۆتاییهات.
450 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازەوە لە پێشانگەکەدا بەشداربوون و زیاتر لە 600 گرێبەست و 350 یاداشتی لێکتێگەیشتنی تێدا واژۆ کرا.
پێشانگەکە کە ماوەی چوار رۆژی خایاند، کۆمپانیاکانی بوارە جیاوازەکانی بیناسازی، کارەبا و وزەی کۆکردەوە و نزیکەی 20 هەزار کەس سەردانیان کرد.
یەکێک لەو بوارانەی ئەم ساڵ زیاتر سەرنجی بەشداربووان و سەردانیکەرانی راکێشا، کۆمپانیاکانی بواری وزەی خۆر بوون.
کاریگەریی پێشانگەکە لەسەر کۆمپانیا بیانییەکانیش دیاربوو. کێری جەیت، بەڕێوەبەری کاروباری دەرەوەی یەکێک لە کۆمپانیا بەشداربووەکان، گوتی: "ئەم پێشانگەیە زۆر سەرنجڕاکێش بوو و خەڵکی زۆر سەردانی کردووین. گفتوگۆی باشمان لەگەڵ کردوون و رەنگە لە چەند هەفتەی داهاتوودا پەیوەندییان پێوە بکەین."
16ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی، کارەبا و وزە لە رۆژانی 27 تاوەکو 30ـی مانگ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەڕێوەچوو.
