رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای ورمێ دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران. فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، دەست بەسەر 30 کیلۆگرام مادەی هۆشبەریشدا گیراوە.
رۆژی یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکاندا، لە سنووری پارێزگاکە دەستیان بەسەر 30 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆردا گرتووە."
فەرماندە پۆلیسی ورمێ گوتی: "هەر لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێلدا گیراوە بۆ گواستنەوەی مادەی هۆشبەر بەکارهێنراون."
بەگوێرەی پۆلیسی ورمێ، جگە لە دەستگیرکردنی دوو فرۆشیاری مادە هۆشبەرەکان، کۆمەڵێک ئاڵوودەبووش لە سنووری پارێزگاکە دەستبەسەرکراون و گوێزراونەتەوە بۆ بنکەکانی شیاندنەوە.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت. هەروەها بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر لە ناوخۆی ئەو پارێزگایە بەکاردەهێنرێت.



