رووداو دیجیتاڵ
7 رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگای ورمێ روویاندا، 23 کەس بریندار بوون و چەندین ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوت.
رۆژی یەکشەممە، 30ی ئابی 2026، مانگی سووری پاریزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: لە رێگەکانی دەورووبەری بۆکان-میانداو و، ورمێ-سەڵماس، زنجیرەیەک رووداوی هاتووچۆ روویاندا.
بە گوێرەی مانگی سووری ورمێ، لە سنووری شاری بۆکان، سێ رووداوی هاتووچۆ تۆمارکران، بوونە هۆی برینداربوونی 9 کەس و لەسەر رێگەی بۆکان-میانداو بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی نیسان دوو هاونیشتمانی بریندار بوون، هەر لەو رێگەیەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری تێندەری 90 وەرگەڕا و سێ هاونیشتمانی بریندار بوون.
هەر ئەمڕۆ لەسەر رێگەی بۆکان-مهاباد کە بە رێگەی قەمتەرە بەنێوبانگە، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری سەمەند و پێژۆ پارس پێکیاندادا و بەهۆیەوە چوار هاونیشتمانی برینداربوون.
لەسەر رێگەی ورمێ-سەڵماسیش، لە ماوەی کەمتر لە کاژێرێکدا چوار رووداوی هاتووچۆ روویاندا، بەهۆیەوە 14 کەس بریندار بوون. رووداوە هەرە قورسەکەش پێکدادانی زنجیرەیی پاسێک و سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت بوو کە بەهۆیەوە 8 کەس بریندار بوون.
بەپێی دادپزیشکیی ئێران، پار 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.



