رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ تۆڕی میدیایی رووداو لە زاری زیاتر لە سێ سەرچاوە و پارێزەرەوە بڵاویکردەوە، چەند مانگێکە کارەکانی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان (تەمیز) راگیراون، بەو هۆیەوە دۆسیەی هەزاران هاونیشتمانی پەکیکەوتووە. ئەمڕۆ دوو سەرچاوە بە رووداویان گوت، کاری دادگە دەستیپێکردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای دادوەری لە دادگەی پێداچوونمانەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە 30ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارەکان لەمڕۆوە دەستیان پێکردووەتەوە." پارێزەرێکیش دەڵێت: "ئەمڕۆ لە دادگەی تەمیز نووسراومان بۆ واژۆ کرا".
دوێنێ بەرپرسێکی دادگەکە و چەند سەرچاوەیەکی جیاوازی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت: "هۆکاری راگرتنی کارەکانی دادگەی پێداچوونەوە بۆ خانەنشینبوونی دادوەران و رێکاری کارگێڕییە". هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ کاراکردنەوەی دادگەکە چڕکردبووەوە.
هەر ئەمڕۆ 30ی ئاب، پارێزەری راوێژکار ئاسۆ هاشم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای چەند مانگێک، ئەمڕۆ دادگەی پێداچوونەوە کارەکانی دەستپێکردەوە و واژۆی لەسەر نووسراوێک کرد کە خۆم پێشکێشم کردبوو".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ سەرجەم دادوەرانی دەستەی باڵا لە دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە سەر کار و تاوتوێی راگرتنی کارەکانیان لە رابردوودا کردووە. سەرچاوەیەک بە رووداوی گوت: "ئەو دادوەرانەی نەدەگەڕانەوە دەوام، ئەمڕۆ هەموویان لە دەوام بوون".
دوێنی یەکێک لە سەرچاوەکان لە دادگەی پێداچوونەوە بە رووداوی گوت: "هێشتا کارەکانی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستیان پێنەکردووەتەوە و ماوەیەکە وەستاوە. هۆکاری وەستانەکەش بۆ کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و هەروەها دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە".
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێ. بەڵام زیاتر لە هەشت مانگە رێگە نەدراوە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ هەولێر.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو رایگەیاند: "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا کێشەی ئەو دادوەرانەی گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی یەکلایی بکرێتەوە و دادوەرەکان هەر ئەم هەفتەیە دەست بە کارەکانیان بکەنەوە".
هاوکات سەرچاوەیەک لە دادگەی پێداچوونەوەی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، تەمەنی سەرۆکی دادگە گەیشتووەتە خانەنشینی، بەڵام لەبەر پێویستیی کار و بۆ ئەوەی بڕیارە هەستیارەکانی وەک "لە سێدارەدان" یان "گۆڕینی ئایین" پەک نەکەون، خانەنشین نەکراوە، چونکە ئەو جۆرە بڕیارانە پێویستیان بە رەزامەندیی هەر 9 ئەندامەکەی دەستەی گشتی هەیە.
ئاسۆ هاشم، پارێزەری راوێژکار، رەتیکردەوە هۆکارە کارگێڕییەکان لە پشت پەککەوتنی کارەکانی دادگە بن و رایگەیاند، کێشەکە "سیاسییە".
ئەو پارێزەرە لە قاسەکانی دوێنێیدا بۆ رووداو گوتی: "زۆرینەی دادوەرەکان دەوام دەکەن، بەڵام ئامادە نین واژۆ لەسەر هیچ نووسراوێک بکەن. هۆکاری سەرەکیی راگرتنی کارەکانی دادگەی پێداچوونەوە، دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگییە؛ پێدەچێت لایەنێک نەیەوێت ئەو دۆسیەیە بگاتە دادگەی پێداچوونەوە، چونکە دەترسن لەوێ بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی ئەو بدرێن".
ئاسۆ هاشم ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی ئەم ململانێیەوە، چەند مانگێکە هیچ دۆسیەیەکی دادوەری لە دادگەکانی سلێمانی و گەرمیانەوە رەوانەی دادگەی پێداچوونەوە نەکراوە. ئەمەش بە گوتەی ئەو زیانی گەورەی بە خەڵک گەیاندووە و دەڵێت: "خەڵک هەیە چەند مانگێکە چاوەڕوانی یەک واژۆی دادوەرەکانە و بێتاوان لە زیندان ماوەتەوە؛ لە هەر شوێنێک دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نەبوو، دیموکراسی دەبێتە درۆیەکی گەورە".



