رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەر بە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، منداڵێکی 10 ساڵان لە کاتی کارکردنی جووتیاراندا کەوتە ژێر تراکتۆر و گیانی لەدەستدا.
رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی (تەرکە)، تراکتۆرێک لە کاتی کارکردندا وەرگەڕاوە و منداڵێک بە ناوی رێبین سەفەری کەوتووەتە ژێری.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، ئەو منداڵە کە تەمەنی تەنیا 10 ساڵ بووە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دادپزیشکیی ئێران، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ و کارکردن بە ئامێرە کشتوکاڵییەکان دەبنە قوربانی؛ بە جۆرێک لە ماوەی ساڵێکدا 19540 کەس لەو وڵاتەدا بە رووداوی جۆراوجۆری هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.




