رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایدەگەیەنێت، لە سەرەتای وەرزی دروێنەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی شەممە 29ـی ئابی 2026 رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و پرۆسەی وەرگرتنیش تاوەکو کۆتایی وەرزی دروێنە بەردەوام دەبێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ، بۆ دابینکردنی ئاسانکاری بۆ جووتیاران، 72 ناوەندی تایبەت بە وەرگرتنی گەنم لە سەرتاسەری پارێزگای ورمێ کراونەتەوە و لە پلاندایە ژمارەی ئەو ناوەندانە زیاتربکرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا زۆرترین بڕی گەنم لە بۆکان وەرگیراوە، کە گەیشتووەتە 78 هەزار تۆن.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جووتیاران، محەممەد رەزا ئەسغەری گوتی، تاوەکو ئێستا 50%ـی پارەی ئەو گەنمەی وەرگیراوە خەرجکراوە و بەمزووانەش بەشێکی دیکەی پارەکە خەرجدەکرێت.
حکومەتی ئێران بۆ ئەمساڵ نرخی هەر کیلۆگرامێک گەنمی ئاسایی بە 49 هەزار و 500 تمەن (نزیکەی 28 سەنت) دیاریکردووە بۆ ئەوەی لە جووتیارانی بکڕێتەوە.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای ورمێ لەسەر رووبەری زیاتر لە 406 هەزار هێکتار زەوی گەنم چێندراوە. بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە پێشبینی دەکات بەرهەمەکەی بگاتە زیاتر لە 900 هەزار تۆن.




