رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا رایدەگەیەنێت، لە ماوەی یەک مانگدا لانیکەم 62 هاونیشتمانی لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە مێرمنداڵ و ژنیشیان تێدایە.
بەپێی ئامارێکی کوردپا کە ئەمڕۆ شەممە 29ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، لە ماوەی نێوان 21ـی تەممووز تاوەکو 21ـی ئابی ئەمساڵدا، شەپۆلێکی دەستگیرکردن شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. ئامارەکە دەریدەخات کە لەو مانگەدا رۆژانە بە تێکڕا دوو کەس دەستبەسەر کراون.
وردەکاریی دەستگیرکراوەکان
کوردپا ئاشکرای کردووە کە لە نێو ئەو 62 کەسەدا، پێنج ژن و دوو مێرمنداڵی تەمەن ژێر 18 ساڵ هەن. هەر بەپێی ئامارەکە پێنج بەندکراوی سیاسیی پێشوو، چوار چالاکڤانی مەدەنی و ژینگەپارێز، چوار ئەندامی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، دوو هونەرمەند، خوێندکارێکی یاسا و چالاکڤانێکی میدیایی دەستگیرکراون.
بەپێی ئاژانسی مافی مرۆڤی کوردپا، لەو ماوەیەدا نۆ کەس لە بۆکان، هەشت کەس لە مهاباد، حەوت کەس لە مەریوان، شەش کەس لە پیرانشار، شەش کەس لە ئیلام، پێنج کەس میاندواو، پێنج کەس لە شنۆ، چوار کەس لە ورمێ، چوار کەس کامێران، سێ کەس لە دیواندەرە، دوو کەس لە سنە و لە هەر یەک لە نەغەدە، تیکاب و کۆتۆل یەک کەس دەستبەسەر کراون.
ئاژانسی کوردپا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە بە فەرمی لای ئەوان تۆمارکراون و پشتڕاست کراونەتەوە، بۆیە پێشبینی دەکەن ژمارەی راستەقینەی دەستبەسەرکراوان لەوە زیاتر بێت کە راگەیەندراوە.


