رووداو دیجیتاڵ
لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی شوناسی کوردیی شاری خانەقین، بازرگانێک ئەرکی گۆڕینی تابلۆی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان لە زمانی عەرەبییەوە بۆ کوردی گرتووەتە ئەستۆ. ئەم هەنگاوە دوای بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو دێت بۆ سەرنجخستنە سەر زمانی تابلۆکان لە شارەکە.
حەسەن وەلی، بازرگانێکی خەڵکی شارەکەیە و دەڵێت: "تێچووی گۆڕینی تابلۆی هەر کاسبکارێک دەدات کە بیەوێت زمانەکەی لە عەرەبییەوە بکاتە کوردی، وەک هەوڵێک بۆ "گەڕاندنەوەی شوناسی رەسەنی شارەکە."
رێبین ستار، کە پیشەی ئاسنگەرییە، یەکەم کاسبکار بوو کە تابڵۆی دووکانەکەی کرد کوردی و ئەو دەڵێت، ناکرێت رۆژانە بە کوردی مامەڵە بکەن، بەڵام سیمای بازاڕەکەیان بە زمانێکی دیکە بێت. رێبین گوتی: "بۆیە تابلۆکەم گۆڕی و ناسنامەی زمانیی خۆم پاراست."
هەرچەندە هێشتا زۆرینەی تابلۆکان لە کۆڵان و بازاڕەکانی خانەقیندا بە عەرەبین، بەڵام ئیدارەی شارەکەش پشتیوانی لەم هەڵمەتە دەکات.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی خانەقین، بە رووداوی رایگەیاند: "ئیدارەی شارەکە پشتیگیری لەم هەڵمەتە دەکات و دەیەوێت زمانی کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا پێگەی خۆی وەربگرێتەوە."
گۆڕینی تابلۆکان لە خانەقین، تەنیا گۆڕینی رەنگ و نووسین نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پاراستنی ناسنامە.

