رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ تاوتوێکردنی قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری و ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی حیزبەکە لە کۆبوونەوەدایە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی بە سەرپەرشتیی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە لە بارەگای سەرەکی لە ئەنقەرە و بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی میدیای نزیک لە دەم پارتی، تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بۆ هەڵسەنگاندنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی چارەسەری تەرخان دەکرێ.
هەروەها بڕیارە دوایین ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی حیزبەکەش کە بڕیارە لە 6ی ئەیلوولدا سازبکرێ، تاوتوێ بکرێ.
یەکێکی دیکە لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی پێکهێنانی "دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن" و ئەو لیژنە لاوەکییانەیە کە بڕیارە لەژێر چەتری ئەو دەستەیەدا کاربکەن.
لەو چوارچێوەیەدا، بڕیارە بە وردی باس لە پێکهێنانی "لیژنەی لاوەکیی چەکدانان و هاوئاهەنگیی ستراتیژی" بکرێ؛ ئەو لیژنەیەی کە باس لەوە دەکرێ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، تێیدا لایەنێکی سەرەکی دەبێت.
ئەم کۆبوونەوەیەی دەم پارتی لە کاتێکدایە، چاوەکان لەسەر پەیامە سیاسییەکانی حیزبەکەن بۆ قۆناخی داهاتوو، بەتایبەت لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد و دەستپێشخەرییەکانی داهاتووی حکومەتی تورکیا لەو بارەیەوە.
رۆژی 24ی ئابی 2026، "لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی" کە لەژێر چەتری یاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێکهێنراوە، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا. تەوەرە سەرەکییەکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای "بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم یاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی "پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" پێشکەش کرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵاتدا بڵاوکرایەوە و چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

