رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی دروستکردنی (مزگەوتی گەورەی بارزانی) لە شاری هەولێر بە شێوەیەکی چڕ دەستیپێکردوە، کە یەکێک دەبێت لە گەورەترین مزگەوتەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، رۆژانە زیاتر لە 300 ئامێر لە پڕۆژەکەدا کار دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند رۆژێکە دەستکراوە بە دروستکردنی مزگەوتی گەورەی بارزانی، رۆژانە زیاتر لە 300 ئامێر بۆ ماوەی 13 کاژێر کاری تێدا دەکەن. پڕۆژەکە بە شێوازێکی چڕ و بە گەورەترین ئامێر و زۆرترین ستاف کاری تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی بە ماوەیەکی زۆر کەم تەواو بێت."
ئەو مزگەوتە کە بە گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی عێراق و جیهانیش هەژمار دەکرێت، رووبەرەکەی دوو ملیۆن مەتر دووجایە. پڕۆژەکە کەوتووەتە سەر شەقامی 150 مەتری، بە بەرزترین کواڵێتی سەردەمیانە دروست دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، مزگەوتەکە تەنیا شوێنی نوێژکردن نابێت، بەڵکو قوتابخانە و زانکۆی ئیسلامی، خواردنگەی پێشوازی و چەندین بەشی فراوان لەخۆدەگرێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی راسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. بڕیارە یەک ملیۆن دار لە دەوروبەری بچێنرێت.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە تەلارسازییەکانی ئەم مزگەوتە، دروستکردنی تاڤگەیەکی دەستکردە بە بەرزی 48 مەتر کە دەڕژێتە نێو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو حەرەمی مزگەوتەکەدا. هەروەها مزگەوتەکە چوار منارە و گومبەزێکی زۆر گەورەی دەبێت لەگەڵ چەندین هۆڵ و خزمەتگوزاریی جیاواز.
رۆژی 21-6-2026، بەردی بناخەی مزگەوتەکە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا.




