رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی حیزبی و هاونیشتمانییانی خانەقین هۆشداری دەدەن لە پرۆسەیەکی سیستماتیکی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکەیان، کە بە "پاکتاوی رەگەزی" ناوی دەبەن.
لە چوارچێوەی بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو، دانیشتووان و بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە خانەقین ئاماژەیان بە چەندین هەنگاوی مەترسیدار کرد، لەوانەش هەوڵەکان بۆ دابڕینی کارگێڕیی ناحیەکانی گوڵاڵە و قەرەتەپە، کڕینی زەویوزار و سووتاندنی باخە خورماکان لەلایەن "عەرەبی هاوردە"وە، لاوازکردنی خوێندنی کوردی و گوشارە ئەمنی و ئیدارییەکان. هەردوو لایەنی سیاسیی کورد لەو شارە، وێڕای داننان بە مەترسییەکان، ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیان بە هۆکاری سەرەکیی لاوازبوونی پێگەی کورد لە ناوچەکە باسکرد.
دابڕاندنی کارگێڕی؛ هەوڵێک بۆ گەمارۆدانی خانەقین
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەرنامەکە، پرسی هەوڵدان بوو بۆ لێکردنەوەی ناحیەکانی گوڵاڵە (جەلەولا)، قەرەتەپە و سەعدییە لە قەزای خانەقین و بەقەزاکردنیان. ئەم هەنگاوە کە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەنگی لەسەر دراوە، لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە بە "پێشێلکارییەکی زەقی دەستوور و ماددەی 140" ناوبرا.
کاروان یاروەیس، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین رایگەیاند، "لە دادگای قەزای ئیداری سکاڵامان کردووە، بەداخەوە هەفتەی رابردوو داواکەمان دۆڕاند. بڕیاری رەتکردنەوەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەمە تێکدانی ئاساییکردنەوەیە، نەک جێبەجێکردنی." هەروەها هۆشداریشی دا، ئەگەر ئەم هەنگاوە سەربگرێت، خانەقین بەبێ هیچ ناحیەیەک دەمێنێتەوە و دواتر گوندە عەرەبنشینەکانی دەوروبەری دەکرێن بە ناحیە بۆ ئەوەی گەمارۆی خانەقین بدەن.
لای خۆیەوە ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی پارتی لە خانەقین جەختی لەسەر مەترسییەکانی ئەو هەنگاوە کردەوە و گوتی، "نەیارانی کورد دڵنیان کە خانەقین شارێکی کوردستانییە. ئەم هەنگاوە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر لاسەنگکردنی هێزی کورد و کەمکردنەوەی دەنگی کورد لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت." ئاماژەی بەوەش دا، هەموو حیزبە کوردستانییەکان لە خانەقین کۆدەنگن لەسەر رەتکردنەوەی ئەم بڕیارە و دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانیان سەرپشک کردووە ئەم دۆسیەیە بگەیێننە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بۆ بەغدا.
تەعریب یان پاکتاوی رەگەزی؟
ئەوەی لە خانەقین روودەدات، لە دیدی هاونیشتمانییان و رووناکبیرانەوە، لە پرۆسەی تەعریبی سەردەمی بەعس "مەترسیدارترە." هاونیشتمانییەک بە رەنج سەنگاویی گوت، "ئەوەی بەعس پێی نەکرا، ئێستا دوای بەعس کردیان. ئێستا خراپترە."
پرۆسەکە چەندین رەهەندی هەیە:
گوشاری ئەمنی و ئیداری
کاروان یاروەیس دەڵێت، "لە خانەقین چوار لیوای حەشدی شەعبی هەیە، یەک پێشمەرگە نییە و یەک فەرمانبەرمان لە حکومەتی خۆجێی دیالە نییە." ئەمەش وایکردووە، دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی بە تەواوی لە دەستی کورددا نەمێنێت.
هاوردەکردنی عەرەب و کڕینی زەوی
چەندین هاونیشتمانی و هەردوو بەرپرسە حیزبییەکە جەختیان لەوە کردەوە، رۆژانە عەرەبی هاوردە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دێن و زەوی و خانوو دەکڕن. کاروان یاروەیس دەڵێت، "رۆژی وا هەیە 6 کەس مامەڵەی تاپۆ دەکەن، چواریان عەرەبن." ئەکبەر حەیدەر خان ئاشکرای کرد، عەرەبە هاوردەکان کە پێشتر بەپێی ماددەی 140 قەرەبوو کرابوونەوە، "زۆربەیان گەڕاونەتەوە و ئێستا داوای قەرەبوو لە جووتیاری کورد دەکەن."
سووتاندنی باخەکان
یەکێک لە دیمەنە کاریگەرەکانی بەرنامەکە، پیشاندانی باخە سووتاوەکانی خورما بوو. جووتیارانی ناوچەکە و بەرپرسان ئەم کارە بە پیلانێکی بە ئەنقەست دەزانن بۆ لەناوبردنی سەرچاوەی بژێویی جووتیارانی کورد و ناچارکردنیان بە جێهێشتنی خاکەکەیان. کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی خانەقین گوتی، "کۆمەڵێک خەڵک هاتوون لە رێگەی خەڵکی ناو خانەقینەوە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێن، زەوییە سووتاوەکان دەکەنە پڕۆژەی نیشتەجێبوون."
گوشار لەسەر خوێندنی کوردی
چەندین مامۆستا و هاونیشتمانی باسیان لە لاوازبوونی خوێندنی کوردی کرد. مامۆستایەک گوتی، "قوتابخانە هەیە پۆلی یەک دوو قوتابی تێدایە." هۆکارەکەشیان گەڕاندەوە بۆ دانەمەزراندنی دەرچووانی خوێندنی کوردی و ئەو رێنماییەی کە بڕوانامەی زانکۆ کوردییەکان (وەکو زانکۆی گەرمیان) دانپێدانراو نین، لە کاتێکدا دەرچووانی زانکۆ ئەهلییە عەرەبییەکان راستەوخۆ دادەمەزرێن.
ناکۆکیی پارتی و یەکێتی؛ هۆکاری سەرەکیی دۆخەکە
لە تەواوی بەرنامەکەدا، یەک خاڵ وەکو هۆکاری سەرەکیی لاوازیی کورد لە خانەقین و ناوچە جێناکۆکەکان دووبارە دەبووەوە: ناکۆکی و پەرتەوازەیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
کاروان یاروەیس بە راشکاوی گوتی، "تاوەکو ئەو کاتەی ناوماڵی کورد پەرتەوازە بێت و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لە یەک سەنگەر نەبن، حاڵمان هەر وا دەبێت." روونیشی کردەوە، ئەم ناکۆکییە وایکردووە کورد نەتوانێت وەک یەک تیم لە بەغدا رووبەڕووی ئەو پیلانانە ببێتەوە.
ئەکبەر حەیدەر خان، هەمان بۆچوونی هەبوو و فەرمانی سەرۆک بارزانیشی وەبیرهێنایەوە کە پێی گوتوون، "ئێوە کوردایەتی بکەن، تەماشای هەولێر و سلێمانی مەکەن،" بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان وەک پارتی پێشنیازیان بۆ یەکێتی کردووە بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، بەڵام "بەداخەوە رەزامەندی نیشان نەدرا."
هاونیشتمانییانیش بە ئاشکرا رەخنەیان لەم دوو حیزبە دەگرت. گەنجێک گوتی، "داواکارم لە هەموو هێزە سیاسییەکان یەک دەنگ بن، چونکە خانەقین لە مان و نەماندایە."
هاواری خەڵک؛ لەنێوان خۆڕاگری و بێئومێدی دا
قسەی خەڵکی خانەقین لە شەقام و بازاڕەکاندا، رەنگدانەوەی دۆخەکە بوو، هاونیشتمانییان هەستی خۆشەویستییەکی بێسنووریان بۆ خاکەکەیان هەبوو. پیرەمێردێک گوتی، "ئێمە تورابین، زەلام پەرست نین." گەنجێکیش گوتی، "خانەقین دڵ و رۆح و هەناسەمە."
بەڵام لە هەمان کاتدا، بێئومێدییەکی قووڵ باڵی بەسەر قسەکاندا کێشابوو. مامۆستایەک گوتی، "ئێمە لەبیرکراوین، هەر خانەقینیان لەبیر نییە." کاسبکارێکیش باسی ئەوەی دەکرد، پێشتر چەند کەس بە کوردی سڵاویان لێدەکرد و ئێستا زۆربەی ئەوانەی دێنە دووکانەکەی دەڵێن، "ئەڵڵا بیلخێر."
گوشاری ئابووری، نەبوونی کارەبا، بێکاریی گەنجان و هەستکردن بە نامۆبوون لە شارەکەی خۆیاندا، خاڵی هاوبەشی گلەیی زۆربەی هاونیشتمانییان بوو. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان، پرسی تابلۆی دووکانەکان بوو کە زۆربەیان بە زمانی عەرەبی نووسرابوون. خاوەن دووکانەکان هۆکارەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە کە زۆرینەی کڕیارەکانیان عەرەبن و ناچارن بۆ راکێشانیان بە عەرەبی بنووسن، ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی گۆڕانی دیمۆگرافیی شارەکە بوو.
بەپێی قسەی بەرپرسان و هاونیشتمانییان، چارەسەری ئەم دۆخە پێویستی بە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، پێکهێنانی وەفدێکی باڵا و کارا بۆ گفتوگۆ لە بەغدا و کاراکردنەوەی ماددەی 140ی دەستوور هەیە. لە ئەگەری بەردەوامبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و پشتگوێخستنی ئەم ناوچانە، ئەوا خانەقین و ناوچەکانی دیکەی هاوشێوەی رووبەڕووی لەدەستچوونی یەکجارەکی دەبنەوە، کە بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.



