رووداو دیجیتاڵ
سەررا بوجاک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد سەردانی عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیای کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پرۆژەی هێڵی تراموای شارەکەیان تاوتوێکرد.
لەو سەردانەدا سەررا بوجاک لەگەڵ سەردار باکرئۆغڵو، سکرتێری گشتیی شارەوانی و ئەردال باڵساک، سەرۆکی فەرمانگەی سیستەمەکانی هێڵی ئاسنین، لە نووسینگەی تایبەتی خۆیدا چاویان بە عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخان کەوت.
لە کۆبوونەوەکەدا داواکرا پرۆسەی دروستکردن و دابینکردنی فارگۆن بۆ هێڵی تراموا بۆ ناوچەیەکی ئامەد کە پلان بۆ دروستکردنی دانراوە، لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانەوە کاری لەسەر بکرێت.
ئورالئۆغڵو ئاماژەی بەوەکرد، گواستنەوەی هێڵی ترامواکە بۆ سەر وەزارەتەکەیان لەڕووی تەکنیکییەوە گونجاوە و رایگەیاند، پرۆسەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا بەڕێوەدەبرێت.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پرۆژەی شەمەندەفەری نێوان ناوچەی سوور و ئەرگانی خرایە بەرباس کە پلان بۆ دروستکردنی دانراوە.
لە ئامەد سێ هێڵی شەمەندەفەر هەن؛ ئامەد - کورتاڵان (100 کیلۆمەتر)، ئامەد - ئێلیهـ (40 کیلۆمەتر) و ئامەد - مەلەتی (30 کیلۆمەتر).
ئێستا هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ زیادکردنی هێڵی شەمەندەفەری ئامەد - ئەرگانی. هەروەها کار بۆ دروستکردنی تۆڕێکی تراموای مۆدێرن لە شارەکە دەکرێت.



