رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سەر بە شاری ئیلام، لە ئەنجامی رووخانی دیوارێک کەسێک گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێ، کەسێکی دیکەش بریندار بووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە.
رووداوەکە دوێنی هەینی 21-08-2026، لە گوندی (کڵاوپین)ـی سەر بە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا. حەمزە محەممەدی ئەقدەم، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە رایگەیاند، دیواری باڵەخانەیەکی کۆن کە پێشتریش مەترسیی رووخانی لەسەر بوو، بەسەر دوو هاونیشتمانییدا رووخاوە.
بەگوتەی حەمزە محەممەدی ئەقدەم، لە ئەنجامی رووخانی دیوارەکە پیاوێکی تەمەن 38 ساڵ گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری ئیلام گوتی، بریندارەکە پیاوێکی تەمەن 30 ساڵە و دوای دەرهێنانی لەژێر دیوارەکە، گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
حەمزە محەممەدی ئەقدەم ئاماژەی بەوەش کرد، هاونیشتمانییەکە پشت و حەوزی زەبری بەرکەوتووە و پێویستی بە نەشتەرگەرییە.
کڵاوپین بە دووریی دوو کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ناوەندی پارێزگای ئیلام کە نزیکەی چوار هەزار دانیشتووی هەیە.
لە 10 رۆژی رابردوودا ئەوە دووەم رووداوی لەم جۆرەیە. 13ـی مانگیش بەهۆی رووخانی دیوارێکەوە لە گەڕەکی بانبەرزی شاری ئیلام، کچێکی تەمەن 13 ساڵان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای ئیلام، 60 هەزار بۆ 70 هەزار کەس تەنیا لە ناوەندی پارێزگاکە لەو باڵەخانانەدا دەژین کە پێویستیان بە رووخاندن و سەرلەنوێ چاککردنەوەیە.



