رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای کاردیناڵ لویس ساکۆ و وەک رێزێک بۆ رۆڵی مێژوویی و مرۆییەکەی، نیشانی (ئاستبەرزی رێزلێنانی پاپای ڤاتیکان) بەخشرایە سەرۆک بارزانی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، کاردیناڵ لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان پێزانینێکی زۆری بۆ رۆڵی سەرۆک بارزانی هەبووە لە قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی و چەسپاندنی ئاشتی لە کوردستان و ناوچەکە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئابی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە لویس ساکۆ، کاردیناڵی فەخریی کلدانەکان کرد.
لویس ساکۆ سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە "هەمیشە وەک چەترێک بووە بۆ پاراستنی پێکهاتەی کریستیان و هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە."
وەک بارەگای بارزانی دەڵێ، بەخشینی نیشانەکە لەسەر داوای کاردیناڵ لویس ساکۆ بووە لە پاپای ڤاتیکان، کە وەک خۆی دەڵێ، بەهۆی ئەو "رۆڵە مێژوویی و مرۆییە"ی سەرۆک بارزانی گێڕاویەتی و وەک گوزارشتێک بۆ رێزگرتن لە هەوڵەکانی لەپێناو ئاشتی، داوای لە پاپا کردووە نیشانەکەی پێ ببەخشێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک مەسعود بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پاپای ڤاتیکان و کاردیناڵ ساکۆ، رایگەیاند، "بۆ گەلی کوردستان شانازییەکی گەورەیە کە خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان و تەباییە."
سەرۆک بارزانی جەختی لە پاراستنی برایەتیی نێوان پێکهاتەکان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەرێمی کوردستان "رەفتار و کردەوەی مرۆڤەکان جۆری هەڵسەنگاندنیان دیاری دەکات، نەک بیر و ئینتیمای ئایینییان."