رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کەرکووک لە روونکردنەوەیەکدا چەند پرسێکی پەیوەست بە خزمەتگوزارییەکان و رێکارە کارگێڕییەکانی پارێزگاکەی راگەیاند و دەڵێ، داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە پاڵپشتی بن بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی لیژنەی لابردنی زێدەڕۆیی و لیژنەیەکی کاتی سەر بە پارێزگا پێکبهێندرێ.
بەپێی ئەو نووسراوانەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ی ئابی 2026، محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک بڵاوی کردوونەتەوە و ئاراستەی قایمقامیەتی ناوەندی کەرکووکی کردوون، داوای کردووە لیژنەی ئێستای لابردنی زێدەڕۆیی بگۆڕدرێ.
پارێزگاری کەرکووک ئاماژەی بەوە کردووە کە داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە پاڵپشتی بن بۆ "هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی" ئەو لیژنەیە و پێکهێنانی لیژنەیەک کە سەر بە پارێزگا بێت، نەوەک قایمقامییەت.
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "پێشنیازمان کردووە لیژنەیەکی بەردەوام نەبێت، بەڵکو تەنیا لە کاتی هەبوونی بڕیاری لابردنی زێدەڕۆیی لەسەر زەوییەکی دەوڵەت، لیژنەیەکی کاتی بۆ ئەو مەبەستە پێکبهێندرێ."
بەپێی نووسراوەکان، هەر شەش مانگ جارێکیش هێزی پارێزگاری لە لیژنەی زێدەڕۆیی بگۆڕدرێ، بەو مەرجەی تەنیا ئەرکی پاراستنی ئەندامانی لیژنەکە بێت و مافیان نەبێت بەبێ لیژنە کارگێڕییەکە هیچ رێکارێک بگرنە بەر.
سەبارەت بە کێشەی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان و کەمیی سووتەمەنی، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی نەوت لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی بەشی گازی مانگی داهاتوو پێش وادەی دیاریکراو بگاتە کەرکووک؛ ئاماژەی بەوەش کردووە: "قایمقامییەتی ناوەند و بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکووک کار بۆ وەرگرتنی رەزامەندی کۆتایی دەکەن لە چەند رۆژی داهاتوودا."
لە پشکی چاکسازییەکاندا پارێزگاری کەرکووک دەڵێ، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانانی عێراق، کێشەی ئەو بەڵێندەرەی کە رێگەیەکی سەرەکیی گرتبوو چارەسەر کراوە و ئێستا رێگەکە بە رووی هاووڵاتییاندا کراوەیە.