رووداو دیجیتاڵ
22ی ئەم مانگە دوو ساڵ بەسەر رووداوەکانی هۆتێل لالەزاری سلێمانی تێدەپەڕێت و تاوەکو ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی، برایەک و چەند کەسێکی نزیکی ئازاد نەکراون. پارێزەرێکی دۆسیەکە دەڵێ، "کارکردن لە دۆسیەی کاک لاهوور راگیراوە و سکاڵا دژی دادگەی سلێمانی تۆمار دەکەن".
لاهوور شێخ جەنگی تاوەکو ئێستا چەند جارێک براوەتە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، کە یەکەم جار 12-01-2026 و دوایین جاریش 14ـی مانگی ئایار بوو، لەدوای ئەو رێککەوتەوە دانیشتنی دادگە بۆ دۆسیەکە بەڕێوەنەچووە.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ 20ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن لە دۆسیەی کاک لاهوور لە دادگەی سلێمانی راگیراوە و هیچ کاری تێدا ناکرێ، ئێمەش دۆسیەکەمان بردووەتە دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان".
شەوی 22ـی ئابی 2025، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ گەمارۆی هۆتێل لالەزاری سلێمانییان دا، کە جێگەی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکەی و پاسەوانەکانی بوون، ئەنجامەکەی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و پاسەوانەکانی لێکەوتەوە، بەڵام زۆرینەی پاسەوانەکان لە کاتی جیادا ئازاد کران.
قادر ئاغا مەنتک گوتی: "دوای ئەوەی دادگەی سلێمانی کارکردنی لە دۆسیەکە راگرت و ئێمە سکاڵامان دژی دادوەرەکان تۆمار کرد، دادگەی سلێمانی هیچ رێوشوێنێکی بەرامبەر دادوەرەکان نەگرتەبەر، بۆیە ئێستا سکاڵا دژی دادگەی سلێمانی تۆمار دەکەین".
دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوەکانی دیکە لە دادگەی تاوانی سلێمانی 2 بەڕێوەدەچێت، سەرەتای حوزەیرانی ئەم ساڵ، پارێزەرانی دۆسیەکە بە پاساوی کارنەکردن لە دۆسیەکە، سکاڵایان دژی دادوەرانی ئەو دۆسیەیە لە دادگەی سلێمانی تۆمار کرد.
پارێزەرەکەی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار دەڵێت: "لەم رۆژانەدا سەردانی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستانمان کرد و رامانگەیاند، ئەم جارەیان سکاڵامان دژی دادگەی سلێمانی هەیە، ئەوانیش بڕیاریان دا سکاڵاکەمان لێوەربگرن".
پاساوی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار دژی دادگەی سلێمانی ئەوەیە، دادگە و دادوەرانی دادگەکە ئامادە نەبوون پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە وەکو خۆی رەوانەی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.



