رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە، مەترسیی رووخانی قوتابخانەکان بووەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی مامۆستایان و قوتابییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
قوتابخانەی فەرهەنگ یەکێکە لەو قوتابخانانەی کە دەرگە، دیوار، بنمیچ و پەنجەرەکانی کۆن بوون و بەکەڵکی خوێندن نەماون.
مەنسوور، مامۆستایەکی شاری سلێمانییە و دەڵێت: "لە سنووری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، 28 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە و پێنجیان کە بریتین لە قوتابخانەکانی جگەرخوێن، ڕازی، شکۆ، گوندەکانی دارەکەلی و هەزارمێرد، جێشانە و گەڕەکی خەلیفاوە، بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەبێت دەرگەیان بەداخراوی بمێنێتەوە."
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە پارێزگاکەدا هەزار و 99 باڵەخانەی پەروەردەیی هەن کە زۆربەیان دوو دەوامن؛ لەو ژمارەیەش:
- 700 قوتابخانە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
- 153 قوتابخانەیان مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
- تێچووی نۆژەنکردنەوەیان بە 11 ملیار و 308 ملیۆن و 956 هەزار و 500 دینار دەخەمڵێندرێت.
بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی، دەڵێت: "لە پارێزگای سلێمانی هەزار و 99 باڵەخانەی پەروەردەیی هەن، زیاتر لە 700ـیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و 153 باڵەخانەیان کە دوو دەوامین مەترسییان لەسەرە."

