رووداو دیجیتاڵ ئەمڕۆ وادەی وەرگرتنی گەنم لەلایەن سێ کۆمپانیای کەرتی تایبەت لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانیش رایدەگەیێنێت، نزیکەی 240 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و وادەکە درێژناکرێتەوە. رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوا وادەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانە لەلایەن هەر سێ کۆمپانیای قەیوان، خۆشناو و کاڤین گرووپ و پرۆسەکە کۆتایی دێت." سەبارەت بە بڕی ئەو گەنمەی تاوەکو ئێستا وەرگیراوە، بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "تاوەکو ئێستا 240 هەزار تۆن گەنم لەلایەن ئەو کۆمپانیایانەوە وەرگیراوە." بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان؛ کۆمپانیای خۆشناو نزیکەی 120 هەزار تۆن، کۆمپانیای قەیوان نزیکەی 70 هەزار تۆن و کۆمپانیای کاڤین گرووپیش نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان رەتیکردەوە وادەکە درێژبکرێتەوە و گوتی: "پێشتر لە رێگەی میدیاکانەوە جووتیارانمان ئاگادار کردبووەوە کە پرۆسەکە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت، بۆیە ئەو وادەیە درێژناکرێتەوە." وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن کەرتی تایبەتەوە وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 20ـی تەممووزی 2026 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ 20ـی ئابی 2026 دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمەکەیە. کەرتی تایبەت هەر تۆنێک گەنم بە 400 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگرێت، بەو مەرجەی گەنمەکە هەمان ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت کە لایەنی پەیوەندیدار بۆ وەرگرتنی گەنم دیارییان کردووە. ئەمساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، کە 292 هەزار تۆنی بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەک گەنمی نێو پلانی چاندن وەرگیرا، هەروەها زیاتر لە 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان بوو، کە هەر تۆنێکی بە 500 هەزار دینار کڕایەوە.