رووداو دیجیتاڵ جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک رایدەگەیێنێت، بەهۆی کەمیی بیناوە زۆربەی قوتابخانەکانی پارێزگاکە دوو دەوام و سێ دەوامیان تێدا دەکرێت. سامان مەجید، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگاکە دوو هەزار و 500 قوتابخانە هەن، بەڵام تەنیا هەزار و 600 باڵەخانەیان لەبەردەستە، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەیاندا دوو بۆ سێ دەوام بکرێت. سەبارەت بە پڕۆژەی چین، کە لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی بڕیاری لەسەر درابوو، سامان مەجید گوتی: "بڕیاردرا 44 قوتابخانە لە کەرکووک دروست بکرێن، تەنیا دوو باڵەخانە ماون بۆ ئەمساڵی خوێندن تەواو دەبن و دەکرێنەوە." پڕۆژەی دروستکردنی 1000 قوتابخانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، لەسەردەمی کابینەی عادل عەبدولمەهدی بەرامبەر نەوتی عێراق بوو (نەوت بەرامبەر وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە) لەگەڵ چین واژۆ کرا. جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک گوتی: "نزیکەی 15 قوتابخانە پێشتر تێکدرابوون تاوەکو دروست بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکانیان راگیراوە و دروست نەکراونەتەوە. قوتابیانی ئەو قوتابخانانە ناچارن لە شوێنی دیکەدا دەوام بکەن، ئەمەش لۆدێکی زۆری دروست کردووە." سامان مەجید ئەوەشی خستە روو، کە ئێستا ئەو قوتابخانە و خوێندنگانە نەماون کە لە ناو کابینە یان قوڕدا بوون، بەڵام کێشەی کەمیی باڵەخانە و قەرەباڵخیی پۆلەکان بەردەوامە.
کوردستان20-08-2026وەزارەتی دارایی: فەرمانبەرانی رێکخراوە هەڵوەشاوەکان وەک میلاکی هەمیشەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت