رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان، رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگە، کۆگا و تانکەرەکانی سووتەمەنی دووبارە دەبنەوە و زیانی گەورەی گیانی و ماددی لێدەکەوێتەوە. بەرگریی شارستانیش پابەندنەبوون بە رێنمایەکانی سەلامەتی بە هۆکاری سەرەکیی رووداوەکان دادەنێت.
لە ساڵی 2022، پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی لە هەولێر سووتا کە هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوەی نەبوو، خاوەنەکەی بەهۆی رووداوەکەوە نزیکەی 600 هەزار دۆلار زیانی بەرکەوت.
وەلید قەشقە، خاوەنی کارگە و پاڵاوگەی سووتەمەنییە و دەڵێت: "لەگەڵ هاوبەشەکانمان بیرمانکردەوە کارێک بکەین تووشی ئەو کارەساتە نەبینەوە. کارگەیەکی قیرمان دانایەوە و سیستەمێکی ئاگرکوژاندنەوەی رێکوپێکمان دانا، تەنانەت ماددەی فۆمیشمان داناوە، بۆئەوەی زیان نەکەین و سەرمایەکەمان پارێزراو بێت."
بەگوێرەی رێنووسییەکی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو پاڵاوگە و کۆگایانەی پابەند نەبن، دادەخرێن. لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی دەریانخستووە، بەهای ئەو شوێنانەی دەسووتێن ملیۆنان دۆلارە، بەڵام زۆربەیان ئامادە نەبوونە بە بڕی دەیان هەزار دۆلار سیستەمی ئاگرکوژێنەوە دابنێن.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی مۆڵەتیان نییە داخراون و بەبێ مۆڵەت ناتوانن کار بکەن. هەرکاتێک مۆڵەت تازە بکەنەوە، دەبێ بێنە لای ئێمە وەک بەرگریی شارستانی بۆ ئەوەی رێنووسی و مەرجیان بدەینێ، بۆ ئەوەی مۆڵەتیان بۆ نوێ بکەینەوە و پابەندیان بکەین."
سەرەڕای بوونی سزا و نوێنەکردنەوەی مۆڵەت، هێشتاش ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگە و کۆگای سووتەمەنی بێ بوونی هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژێنەوە کار دەکەن.


