رووداو دیجیتاڵ
حەکیم حەسەن، تەمەن 47 ساڵ، کە رۆژگارێک وەستایەکی دەستڕەنگینی گەچکاری بووە، ماوەی ساڵێک و پێنج مانگە بەدەست شێرپەنجەی قۆڵۆنەوە دەناڵێنێت و ئێستا نەخۆشییەکە بە تەواوی جەستەیدا بڵاوبووەتەوە. پزیشکەکانی لە هەولێر پێیان راگەیاندووە کە دەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دەرەوەی وڵات بکات، بەڵام باری دارایی رێگەی پێ نادات.
حەکیم، رۆژانێک بە کاری وەستایی بژێوی خێزانەکەی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا نەخۆشییەکە نەک هەر تەندروستیی، بەڵکو سەرچاوەی داهاتیشی لێ سەندووەتەوە.
حەکیم حەسەن، بە نیگەرانییەوە باس لە دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت: "دۆخی تەندروستیم رۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبوو. دکتۆرەکەیان بۆ گۆڕیم و منیان گواستەوە بۆ سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی رزگاری، لەوێش دکتۆر گوتی تا زووە بیبەنە دەرەوەی وڵات باشترە. توانای داراییم خراپە و کەس خانووەکەشم ناکڕێت."
منداڵەکانی حەکیم، یاری و خەونەکانی تەمەنی منداڵییان لەبیرکردووە و بەردەوام لە دەوری باوکیانن بۆ ئەوەی ئازارەکانی کەم بکەنەوە.
حیکمەت حەسەن، برای نەخۆشەکە، پشتڕاستی قسەی پزیشکانی کردەوە و بە رووداوی گوت: "دکتۆرەکەی گوتی تا زووە بیگەینە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری بکەن و سوود لە دەرمانەکان وەربگرێت. توانای داراییمان خراپە و نازانین تێچووی چارەسەرەکەی چەندی دەوێت."
حەکیم، لە نێوان ئازاری نەخۆشییەکەی و بێدەسەڵاتیی داراییدا، چاوەڕێی دەستێکی خێرە بۆ ئەوەی هیوایەک بۆ ژیانی خۆی و منداڵەکانی بگەڕێنێتەوە.

