رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری کرماشان سەردانی بایەنگانی کرد و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان، فەرمانی "بەدواداچوونی ورد"ـی بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ژەهراویبوونی بەکۆمەڵی ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکەی دەرکرد.
رۆژ سێشەممە 18-08-2026، مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ژەهراویبووانی بایەنگان، سەردانی شارەکەی کرد و لەگەڵ بەرپرسە پەیوەندیدارەکان کۆبووەوە.
دوای سەردانەکە، مەنووچێهر حەبیبی فەرمانی بەدواداچوونی وردی بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ژەهراویبوونی بەکۆمەڵی ژمارەیەک لە دانیشتووانی شارەکە دەرکرد و رایگەیاند: "تەندروستیی خەڵک هێڵی سوورە و لەوبارەوە بچووکترین کەمکاری قبووڵکراو نییە."
گومان دەکرا خەڵکی شارەکە لە رێگەی ئاوی خواردنەوەوە ژەهراوی بووبن. پارێزگاری کرماشان گوتی: "ئەگەر پێویست بێت، بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە سەرجەم پرۆژەکان رادەگرین، چونکە هیچ شتێک لە دابینکردنی ئاوی خاوێن گرنگتر نییە."
ژمارەی دانیشتووانی بایەنگان ناگاتە دوو هەزار کەس. مەنووچێهر حەبیبی گوتی: "کاتێک لە شارێکدا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی سنووردارە و ژمارەیەکی بەرچاویشیان بە نیشانەی هاوشێوەوە سەردانی بنکە تەندروستییەکان دەکەن، ناکرێت بابەتەکە پشتگوێ بخرێت. پێویستە بە زووترین کات سەرچاوە و هۆکاری سەرەکیی کێشەکە دەستنیشان و چارەسەر بکرێت."
لە رۆژی شەممە 15ـی ئابەوە، ژمارەیەک لە دانیشتووانی بایەنگان بەهۆی ژەهراویبوونەوە سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان کردووە، بەڵام دوای ئەوەی وەک یەکەم هەنگاو تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شارەکە راگیرا، پشکنینەکان هەبوونی هیچ بەکتریایەکیان لە ئاوەکەدا پشتڕاست نەکردەوە.
بە گوتەی عەلی سرووش، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان، ئێستا هەوڵی پشکنین بۆ ئاوی خواردنەوەی بایەنگان دەدرێت، بۆ ئەوەی لە نەبوونی ڤایرۆس لە ئاوی بەکارهاتووی رۆژی شەممە دڵنیا ببنەوە.
وەک عەلی سرووش دەڵێت، تاوەکو دوێنێ، لانیکەم 362 کەس بەهۆی ژەهراویبوونەوە سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان کردووە کە سەرجەمیان تووشی ئازاری سک، رشانەوە و سکچوون بوون.
بایەنگان شارێکی بچووکی سەر بە پاوەیە لە باکووری رۆژئاوای پارێزگای کرماشان کە بەپێی دوایین داتای ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 1500 کەسە.



