رووداو دیجیتاڵ
تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دۆسیەی لالەزار رایدەگەیێنن، دۆسیەکە "دەستوەردانێکی حیزبیی" تێدایە و گیراوەکان وەک "بارمتەی سیاسی" مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی بە گوتەی ئەوان، دادگەی سلێمانی بۆ ماوەیەکی زۆر رێگر بووە لە ناردنی دۆسیەکە بۆ دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان.
دانا تەقیەدین، ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکارییەکانی دۆسیەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، "گەیشتینە ئەو بڕوایەی ئەم گیراوانە، گیراوی سیاسی نین، بەڵکو وەک بارمتەیەکی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
ئەو ئەندامەی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار ئاماژەی بەوەش کرد، ئازادکردنی گیراوەکان بەستراوەتەوە بە رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی. گوتیشی، "ئەگەر لاهوور شێخ جەنگی ئامادە بێت بۆ رێککەوتن، ئازاد دەبن."
رێگری لە پرۆسەی یاسایی
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان 12 جار نووسراوی فەرمیی ئاراستەی دادگەی سلێمانی کردووە بۆ ناردنی دۆسیەکە، بەڵام دادگەی سلێمانی رێگر بووە. دانا تەقیەدین دەڵێت، "دادگەی سلێمانی رێگرە لە ناردنی ئەم دۆسیەیە."
هەروەها روونیشی کردەوە، دوای گوشارێکی زۆر، دواجار دۆسیەکە "بە کۆپیکراوی" نێردراوە، ئەمەش بەپێی یاسا کارێکی نادروستە و تەنیا بۆ کات کوشتن بووە، "هیچ دۆسیەیەک کۆپی نییە، خێرا ئەم دۆسیەیە بە کۆپیکراوی نێردرا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە."
تیمی پارێزەران سکاڵایان لەسەر دادگەی تاوانەکانی سلێمانی تۆمار کردووە بەهۆی "کەمتەرخەمی لە ناردنی دۆسیەکە و جێبەجێ نەکردنی نووسراوەکانی دادگەی پێداچوونەوە."
دۆخی گیراوەکان و بانگەشەی ئەشکەنجەدان
سەبارەت بە دۆخی گیراوەکان، دانا تەقیەدین رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی "لەڕووی دەروونییەوە نامورتاحە" بەهۆی ئەوەی هەست دەکات "چەترێکی سیاسی بەسەر دادگەدا شۆڕ بووەتەوە." بە گوتەی ئەو پارێزەرە، لاهوور شێخ جەنگی پەیوەندیی لەگەڵ پۆڵاد شێخ جەنگی هەیە، بەڵام لەگەڵ گیراوانی دیکە نییەتی.
لە کۆی 56 گیراوی دۆسیەکە، ئێستا 27 کەس لە زینداندان کە بەشێکیان پاسەوانن.
یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی ناو دۆسیەکە، بانگەشەی ئەشکەنجەدانە. تەقیەدین باسی لەوە کرد، یەکێک لە گیراوەکان لە هۆڵی دادگە و لەبەردەم دادوەر و نوێنەری وڵاتان رایگەیاندووە، ئەشکەنجە دراوە؛ "ئێمە داوامان لە دادوەری دادگەی بەڕێز کرد بینێرێت بۆ لیژنەی پزیشکی، بەڵام دواتر بە شێوەی نافەرمی پێیان گوتین راپۆرتی پزیشکی هاتووەتەوە و هیچی نییە. ئێمە باوەڕ بەو ناوەرۆکە ناکەین."
سەردانی کەسوکار و رەتکردنەوەی وێنەیەکی لاهوور شێخ جەنگی
دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەران ئاشکرای کرد، رێگە بەوان نادرێت وەک پێویست سەردانی گیراوەکان بکەن، بەڵام کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی سەردانیان کردووە، "خوشکەکانی، ئاوات خان و ئاواز خان، سەردانیان کردووە و دۆخی تەندروستیی باشە."
سەبارەت بەو وێنەیەی لە ماوەکانی رابردوو لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە، کە وێنەی لاهوور شێخ جەنگییە لە زیندان، دانا تەقیەدین رەتیکردەوە و رایگەیاند، "ئەو وێنەیە لاهوور شێخ جەنگی نییە."

