رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 10 هەزار هاونیشتمانی کە 20 ساڵ لەمەوپێش بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە کارتی دەنگدانیان بۆ هەرێمی کوردستان گواستەوە، رێگەیان پێنادرێ کارتی دەنگدانیان بۆ پارێزگاکەی پێشوویان بگوازنەوە، ئەوەش بەهۆی رێنماییەکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوەیە کە رێگە نادات ئەو هەنگاوە لە چوار پارێزگا بکرێ.
محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە 18-8-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 10 هەزار دەنگدەری کوردی خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140 لە پارێزگای نەینەوا، کە دوای ساڵی 2006 بەهۆی دۆخی ئەمنیی ناوچەکانیان کارتی دەنگدانیان بۆ هەرێمی کوردستان گواستەوە، ئێستا رێگەیان پێ نادرێ بۆ زێدی پێشووی خۆیان بیگوازنەوە."
بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەر دەنگدەرێک کارتی دەنگدانی هەبێت، پێویستە لەنێو پارێزگای خۆی دەنگ بدات، نەوەک پارێزگایەکی دیکە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: "بەم دواییە زیاتر لە 60 کەس پەیوەندییان کردووە و داوایان کردووە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ زێدی پێشووی خۆیان لە نەینەوا بگوازرێتەوە."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمسیاران هەیە کە رێگا نادات کارتی دەنگدان بۆ کەرکووک، ئەنبار، نەینەوا و سەلاحەدین بگوازرێتەوە."
ئەو بڕیارەی کۆمسیۆن لە تشرینی دووەمی 2014 دەرچووە کە تاوەکو ئێستا کارایە و تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدرێ شوێنی دەنگدانیان بگۆڕن، کە بەر لە ساڵی 2013 کۆبۆنی خۆراکیان گواستبێتەوە بۆ ئەو پارێزگایەی کە دەیانەوێ شوێنی دەنگدانەکەیان بۆ بگوازرێتەوە.



