رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی دەڵێ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەدواداچوونی ئاگرکەوتنەوەکانی سلێمانی پەیوەندی پێوە کردووە و ئاماژە بەوەش دەکات: "داوامان کرد لیژنەیەک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان پێکبهێندرێ".
رۆژی سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا پاڵپشتی و هاوخەمی خۆی بۆ دەربڕین، ئەوەش بەهۆی کەوتنەوەی ئەم ئاگرانەوە."
بە گوتەی پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکوەزیران لە هۆکار و زیانەکانی ئاگرەکانی کۆڵیوەتەوە، لەوانەش ئاگرەکەی ئەم ئێوارەیە نێو باڵەخانەی پارێزگا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: "داوامان لە سەرۆکوەزیران کرد کە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک پێکبهێندرێ بۆ ئەوەی هۆکاری ئەو ئاگرانە بزانرێ و کۆنترۆڵ بکرێن."
سەبارەت بە رێکارە خۆجێییەکان، پارێزگاری سلێمانی گوتی:"ئێستا لە پارێزگا دوو لیژنەمان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکان".
ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە دێت، شەوی رابردوو ئاگر لە کۆگایەکی سووتەمەنی لە تانجەرۆی سلێمانی کەوتەوە، کە زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزین و گازی تێدابوو. بەو هۆیەوە کارگەیەکی قیر و چەندین کۆگای دیکەی نزیک لە شوێنی رووداوەکە سووتان.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی، 41 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون، شەشیان کارمەندی بەرگریی شارستانین.
ئەمڕۆش نزیک کاژێر 06:30ـی ئێوارە بەنزیخانەی نێو باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی گڕی گرت.




