رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر رایگەیاند، بەهاوکاری زانکۆکەیان، لە زانکۆیەکی پەکینی پایتەختی چین بەشی زمانی کوردی دەکرێتەوە. گوتەبێژی زانکۆکە دەڵێت، هەردوو شێوەزارەکە دەخوێندرێت.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ 18ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر، هاوکار و هاوئاهەنگی سەرەکیی کردنەوەی بەشی کوردییە لە زانکۆی پەکین لە چین".
سامان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشەکە بۆ چینییەکانە و ئەم ساڵ خوێندکار وەردەگرن، کە ژمارەی وەرگیراوان لە 10 بۆ 20 خوێندکار دەبن".
گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەکرد، کردنەوەی بەشی کوردی لە چین دەبێتە پردێکی ئەکادیمی و کولتووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و چین.
گوتەبێژی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت: "ئەو خوێندکارانەی لە چین لە بەشی کوردی وەردەگیرێن، سێ ساڵی یەکەم بە زاراوەی سۆرانی دەخوێنن و ساڵی چوارەم بە کورمانجی؛ ئەوەش بۆ ئەوەیە دەرچووان لە زاراوە و لقە جیاوازەکانی زمانی کوردی زانیارییەکی تەواویان هەبێت".
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، زانکۆی سەلاحەدین تەنیا زانکۆیە کە بەشی زمانی چینی تێدا دەخوێندرێت، سامان عەبدوڵڵا باسی لەوەکرد، بەشی چینی لە زانکۆکەیان 100 خوێندکاری هەیە و ئەم ساڵ سێیەمی خولی بەشەکە خوێندن تەواو دەکات.


