رووداو - دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانی گوندی پەلکانە باسیان لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی
2500 دۆنم زەوییان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد. ئەکرەم مەجید، کە دانیشتووی گوندی پەلکانەیە،
بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خەڵکی دیکە دێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان،
بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەمان پێنەداون."
گوندی پەلکانە لە خانەقین، دوایین گوندی ئاوەدانی کوردە لە قەزاکە
کە هێشتا چۆڵنەکراوە، بەڵام هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی 2500 دۆنم لە زەوییەکانی گوندەکە،
مەترسیی چۆڵکردنی دروستکردووە.
ئەکرەم مەجید، کە دانیشتووی گوندی پەلکانەیە، بە تۆڕی میدیایی
رووداوی راگەیاند، "بە واستە دێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانمان، بەڵام ئێمە
رووبەڕوویان دەبینەوە، خەڵکی دیکەش دێن بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکان، بەڵام تاوەکو
ئێستا رێگەمان پێنەداون، من دوایین کەسم ئاڵای کوردستانم لە پەلکانە هەڵکردووە و لەوبەریشەوە
هیچ کوردێک نییە."
رەگوڕیشەی ئەم کێشەی زەوییە بۆ هەڵمەتی تەعریب لە ساڵی 1975
دەگەڕێتەوە و یاسای گەڕاندنەوەی موڵکیش بەهۆی جێبەجێنەکردنییەوە، نەیتوانیوە ئەم گرێکوێرە
نیو سەدەییە بکاتەوە.
سەربەست بەرزۆ، کە دانیشتووی خانەقینە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی
راگەیاند، "ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق کە لەلایەن دادگاوە پەسند کراوە، نێردراوە
بۆ فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لە دیالە، بەڵام کاری پێناکرێت و شاردراوەتەوە."
بە پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دیالە، هەوڵ هەیە بۆ گۆڕینی
2500 دۆنم زەوی کە هی 30 جووتیاری پەلکانەیە و بەشێکیان تاپۆیان هەیە و بەشێکی دیکەشیان
گرێبەستی پێش ساڵی 1975ـیان هەیە، بۆ پڕۆژەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی خانەقین، لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی
رووداوی راگەیاند، "ئێمە وەک ئیدارەی شارەکە، بەپێی یاسا بێت، بەهیچ شێوەیەک قبووڵی
ناکەین و لەبەرئەوەی ناوچەکە بە ماددەی 140 گیراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی خانەقینمان
ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک هیچ گرێبەستێک لەسەر ئەو زەوییانە بکرێت."
ئەو زەوییەی کە پێشتر بە زۆر و بە بڕیاری سیاسی داگیر دەکرا،
ئێستا لەژێر پەردەی وەبەرهێناندا رووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار بووەتەوە. مەترسییەکانی
گۆڕینی دیمۆگرافیا لە خانەقین تەنیا لەنێو شاردا قەتیس نەماوە و ئێستا گوندەکانی دەوروبەریشی
گرتووەتەوە.
دانیشتووان و خاوەن زەوییەکانی خانەقین داوا دەکەن بە هیچ شێوەیەک
دەست بۆ زەویی گوندە کوردنشینەکان نەبرێت و رێگری لەو داگیرکارییە نوێیە بکرێت کە لەژێر
ناوی وەبەرهێناندا دەکرێت.


