رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێویستە هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەردەوام بن.
رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بەریتانیا بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەکات"؛ دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە داواکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری هەرێمی کوردستانی عێراق".
بەگوێرەی دژە تیرۆری کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو کە "لە سنووری ئێرانەوە" ئاراستە کرابوون، نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان لە پیرمام لە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
ستێفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی ئەو هێرشە درۆنییانە گوتی، "بە روونی ئەمە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە. ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکە بۆ سەر نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین."
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکانی سەر نووسینگەکەی رایگەیاند: "دوای لێکۆڵینەوەیەکی دژەتیرۆری کوردستان، دەرکەوتووە ئەمڕۆ نووسینگەی تایبەتم و ماڵی سەرۆکی دەزگای ئاسایش و هەواڵگری بە هێرشی درۆنی ئێرانی کرانە ئامانج."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو "هێرشە بێباکانە و قبووڵنەکراوانە" دەکات و رایدەگەیێنێت: "ئەمە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."



