رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیوای سەلامەتیی بۆ خواست و سەرکۆنەی هێرشی درۆنیی سەر نووسینگەکەی کرد.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ئێوارەی ئەمڕۆ 17-8-2026 راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەبارەی هێرشی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتیدا هاتووە: "هاوسەرۆکی گشتییمان تونجەر باکرهان، لە دوای ئەوەی شەوی رابردوو نووسینگەی بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج، پەیوەندیی بە بەڕێز بارزانییەوە کرد".
دەم پارتی پشتیوانیی خۆی بۆ مەسروور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە:" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هاوسەرۆکمان سەرکۆنەی هێرشەکەی کردووە و هیوای سەلامەتیی بۆ بەڕێز بارزانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد خواستووە".
دەم پارتی ئەو جۆرە هێرشانە بە مەترسیدار و هۆکاری نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە دەزانێت و داوا لە حکومەتی بەغدا دەکات، هۆکار و راستییەکانی ئەو هێرشە ئاشکرا بکات.
بەگوێرەی دژەتیرۆری کوردستان، کاژێر 00:28ی بەرەبەیانی دووشەممە 17-8-2026 دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
دژەتیرۆری کوردستان هەروەها رایگەیاند کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.



