رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە 41ەمین ساڵیادی دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پەکەکەدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. تێیدا جەخت دەکاتەوە کە لەمەودوا تەواوی خەبات و چالاکییەکانیان بۆ بەدیهێنانی "ئازادیی فیزیکیی" عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبێت.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە، بەبۆنەی ساڵیادی 15ی ئاب کە لای ئەوان بە "ژێدەر و جەژنی زیندووبوونەوە" ناسراوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پێشوازی لە 41ەمین ساڵیادی بازدانی 15ی ئاب دەکەین، کە فەرمانی مەرگی کوردانی دڕاند و شەڕی بوون و ئازادیی دەستپێکرد."
هەپەگە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە چالاکییەکەی 15ی ئابی 1984 لە کاتێکدا بوو کە ناسنامە و زمانی کوردی نکۆڵی لێ دەکرا. دەڵێت: "ئەو فیشەکەی بە پێشەنگایەتیی فەرماندە مەعسوم کۆرکمەز (عەگید) تەقێندرا، تەنیا چالاکییەکی سەربازی نەبوو، بەڵکو دەستوەردانێکی مێژوویی بوو بۆ رێگری لە لەناوچوونی گەلێک."
هەپەگە دەڵێت، ئەو بزووتنەوەیە بووەتە هۆی دروستبوونی "کوردێکی نوێ" و گۆڕانکاریی ریشەیی لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لە پرسی ئازادیی ژناندا، کە ئێستا "بووەتە ئیلهامبەخش بۆ ژنانی جیهان."
تەوەرێکی سەرەکیی راگەیێندراوەکەی باڵی سەربازیی پەکەکە، تەرخانکراوە بۆ دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمرالی. هەپەگە دەڵێت: "ئۆجەلان ئافێنەری تەواوی بەهاکانی ئێمەیە، بۆیە ئازادیی ئەو بۆ گەل و بزووتنەوەکەمان هێڵی سوورە و دەستبەرداری نابین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هەپەگە جەخت دەکاتەوە: "وەک گەریلای ئازادی، رایدەگەیەنین کە تاوەکو بەدیهێنانی ئازادیی فیزیکیی رێبەر ئۆجەلان، بەرخودانی گەریلا و تێکۆشانی گەلەکەمان بە هەموو شێوازێک و بەبێ وەستان بەردەوام دەبێت."
ئەو راگەیێندراوەی پەکەکە لە کاتێکدایە کە 10ی ئابی 2026 پەرلەمانی تورکیا یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دەکرد، بەپێی ناوەڕۆکی یاساکە، کە پەرلەمانتارانی کوردیش دەنگیان پێداوە، دەبێت پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری ببێت.
15ی ئابی 1984، پەکەکە یەکەم چالاکیی چەکداریی خۆی لە دژی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی (دهێ) لە سێرت و (شەمزینان) لە جۆلەمێرگ کرد، کە بە "بازدانی 15ی ئاب" ناوی دەبەن و هەموو ساڵێک وەک دەستپێکی خەباتی چەکداری یادی دەکەنەوە.


