رووداو دیجیتاڵ
لە دوو هەفتەی سەرەتای ئەم مانگەدا، بە 16 درۆن و سێ مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، زۆربەی هێرشەکانی کراونەتە سەر پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 1ی ئابەوە تاوەکو ئەمڕۆ 14ـی ئاب، هەرێمی کوردستان بە 16 درۆن و سێ مووشەک بۆردوومان کراوە، هەشت درۆن و سێ مووشەک بۆ سنووری پارێزگای هەولێر بووە و سنووری سلێمانیش بە هەشت درۆن بۆردوومان کراوە.
دوایین هێرش بەرەبەیانی ئەمڕۆ 14ـی ئاب کرایە سەر هەولێر. دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، درۆنەکان سێ دانە بوون و لەلایەن هاوپەیمانانەوە تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە.
لە کۆی هێرشەکانی ئەم مانگەدا، 11ی ئاب کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە سێ مووشەک لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراون و دوو پێشمەرگەیان بریندار بوون، بەڵام تەندروستیان باشە.
لە 28ـی شوباتەوە بە پاساوی جیاواز، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 965 مووشک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسیش بریندار بوون، لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان هەن.

.jpg&w=3840&q=75)