رووداو دیجیتاڵ
فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە هەورامان دەستیپێکرد. جووتیاران، ژنانی دەستڕەنگین و خاوەنکارانی ناوچەکە بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن و دەیفرۆشن، کە جگە لە هەنجیر، چەندین جۆری میوە، هەنگوین، کاری دەستی و خواردنی خۆماڵی لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵییەکان لە هاوینەهەواری (ئەحمەد ئاوا –بنی پەڵک) لە هەورامان لە سنووری ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکە هەنجیری هەورامان، خورماڵ و ناوچەکە دەفرۆشرێت، هەروەها میوەکانی دیکە، هەنگوین و بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکە بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو.
فێستیڤاڵەکە رۆژانە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 10:00ـی شەو کراوەیە.
لە فێستیڤاڵەکەدا محەممەد شێخ فاتیح، پێشكێشکاری بووڵتەنی ئابووریی تۆی میدیایی رووداو لە کاژێر 9:00 بۆ 11:00ـی بەیانی بەشێوەیەکی مەیدانی لەگەڵ بەرپرسان و باخەوان و جووتیارانی هەڵەبجە باسیان لە بەرهەمی هەنجیر و رەوشی کشتوکاڵیی ناوچەکە کرد.
"هەنجیری ئەم ناوچەیە کەڵکی نییە"
شاهۆ حاجی فایەق، باخەوان لە ئەحمەدئاوا دەڵێ، باشی و خراپیی بەرهەمەکان بەپێی ساڵەکان دەگۆڕێت و زۆرکات لە هەر ساڵێکدا بەرهەمێکیان وەک پێویست نابێ. دەشڵێت، بەرهەمی هەنجیری ئەم ساڵ وەکو پێویست نییە؛ ئەم ساڵ ساڵی هەنجیر نییە و تەنانەت هەنجیری شارەزوور ئەم ساڵ "کەڵکی نییە".
بە گوتەی ئەو باخەوانە، ئەم ساڵ 50%ـی باخەکانی هەنجیر لە شارەزوور نەخۆشی لێیداون، بەڵام لە ناوچەکانی زەڵم، ئەحمەدئاوا و هەورامان بەهۆی پاکوخاوێنیی ئاوەکەی و گونجاویی کەشوهەواکەیەوە، توانای بەرگریی زیاترە و نەخۆشی کاریگەریی زۆری لەسەر دانەناوە.
"100 کەپر لە فێستیڤاڵەکە دانراون"
بابا سەنعان، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە گوتی، بەهۆی ئەوەی شوێنی فێستیڤاڵەکە کەمێک بەرتەسکە، بۆ ئەم ساڵ رێگەیان بە دانانی 100 کەپر داوە. دەشڵێت، ئەگەر شوێنەکە فراوانتر بووایە، ژمارەی کەپرەکان دەگەیشتە 200 و کەپرەکانیش بێبەرامبەرن.
ئەو سەرپەرشتیارە دەڵێت، کەپرەکانی فێستیڤاڵەکە تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ دابینکراون. رێنمایی ژینگەییشیان داوەتە ئەو باخەوان و جووتیارانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.
بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە لە سێ بوار پێکهاتوون: کشتوکاڵی، کاری دەستی و خواردەمەنی.
ئەمین حاجی زەڵمی، یەکێکی دیکە لە سەرپەرشیار و رێکخەرانی فێستیڤاڵە بە رووداوی گوت، زۆرترین بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە، لەسەر رێنمایی و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لەپێشینەیان داوەتە ئەو کەسانەی بەرهەمی نێوخۆیی دەهێنن.
"ساڵانە تاوەکو 220 تۆن هەنجیرمان دەبێت"
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە یەکێک بوو لە میوانەکانی رووداو. ئەو دەڵێ، بەگشتیی شارەزوور و هەڵەبجە ناسنامەیەکی کشتوکاڵییان وەرگرتووە و بەپیتترین خاکی کشتوکاڵییان تێدان لە هەرێمی کوردستان. بەراوترین و ئاودارترین زەویشیان تێدا هەڵکەوتوون، جگە لە جووتیارانی شارەزا و دەستڕەنگینیش.
ستار مەحموود دەڵێ، هەرچەندە ناوچەکەیان لە رووی رووبەری جوگرافییەوە بچووکە، بەڵام لە زۆر بەرهەم پێشەنگن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە هەنار و گوێز.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 95 هەزار داری گوێز و 10 هەزار دۆنم باخی هەنار هەن کە بەرهەمی ساڵانەی ئەو بەرهەمە نزیکەی 30 هەزار تۆن دەبێت، کە بەشێکی هەناردەی پارێزگاکانی عێراق و دەرەوەش دەکرێ.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتیشی، لە سنووری پارێزگایەک 175 دۆنم زەوی بە هەنجیر چێنراوە کە بەرهەمی ساڵانەی 200 بۆ 220 تۆن دەبێت ئەگەر کەشوهەوا ئاسایی بێت و تووشی نەخۆشی نەبێت. بەرهەمەکەش خواستی نێوخۆی پێ پڕدەکرێتەوە.
ستار مەحموود دەڵێ، جووتیاران لە هەڵەبجە بەشێکی باخەکانیان کردووەتە هەنجیر ئەگەر کەمیش بێت، بەڵام بۆ هەموویان سەرچاوەی داهات نییە، چونکە دەبێ هەر دوو رۆژ جارێک بەرهەمەکەی لێبکرێتەوە، ئەوەش لە توانای هەموو جووتیارێک و باخەوانێکدا نییە، بەڵکو کەسێک دەیکات لەگەڵی راهاتبێت.
ئەو بەرپرسە باسی لەوەشکرد، جووتیاران بەگشتی لە بابەتی بەبازاڕکردن کەمێک لاوازن. نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە بەدرێژایی ساڵێک جووتیارێک خزمەتی باخەکەی یان زەوییەکەی دەکات، بەڵام لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکەی لەگەڵ کەسێک رێکدەکەوێت کە خۆی بەرهەمەکە لێبکاتەوە و بیباتە بازاڕ نەک جووتیارەکە خۆی.
بە گوتەی ستار مەحموود، ئەمە وادەکات زۆرجار قازانجی ئەو کڕیارە هێندەی قازانجی جووتیارەکە بێت، لەکاتێکدا ئەو ماوەیەکی زۆر خزمەتی بەرهەمەکەی کردووە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە گوتیشی، پار بەدێژایی هاوین هەفتانە رۆژانی هەینی هەفتەبازاڕێکیان بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران رێکخستووە. بۆ ئەم ساڵیش جووتیارێکی زۆر ئامادەییان دەربڕیوە لە رێگەی هەفتەبازاڕەکەوە بەرهەمەکانیان بەبازاڕ بکەن.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، لە بەرامبەر رێکخستنی هەفتەبازاڕەکە هیچ پارەیەک لە جووتیار و باخەوانان وەرناگیرێت و تاوەکو ئەوکاتەی بەرهەم هەبێت، لە رێکخستنی بەردەوام دەبن.
ستار مەحموود باسی لە بەرهەمی گەنمیش کرد و گوتی، رووبەری داچێنراو بە گەنم لە هەڵەبجە ساڵانە 70 بۆ 85 هەزار دۆنمە، بەڵام ئەم ساڵ بەرهەم لە ئاستی پێویست نەبوو.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، ساڵانە بەگشتی بەرهەمی گەنمی هەڵەبجە 35 بۆ 40 هەزار تۆن دەبێت. بۆ ئەم ساڵیش نزیکەی 11 هەزار تۆنیان لە جووتیاران وەرگرتووە کە بڕێکی کەمە، چونکە بەغدا بڕێکی کەمی گەنمی جووتیاران وەردەگرێت.
"نرخەکەم بۆ نیوە کەمکردووەتەوە"
جووتیارێکی دیکە لە فێستیڤاڵەکە دەڵێت، 50 باخی هەنجیری هەیە و دەڵێت، هەنجیری جۆری "شا هەنجیر" بەرهەمدەهێنێت.
ئەو جووتیارە دەڵێت، ئەو جۆرەی هەنجیر لە سەرەتای مانگی هەشتەوە بەرهەمەکەی پێدەگات و تاوەکو وەرزی بارانبارین درێژە بکێشێت، بەرهەمەکەی بەردەوام پێدەگات.
گوتیشی، لە ساڵانی ئاساییدا نرخی کیلۆیەکی ئەو جۆرەی هەنجیر 20 هەزار دینارە، بەڵام بۆ ئەم ساڵ نرخەکەی کردووەتە 10 هەزار دینار بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی خەڵکەوە.
"دوو هەفتە ئامادەکاریمان کردووە"
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە رایگەیاند، تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری هەڵەبجە فێستیڤاڵەکەی بەشێوەیەکی خۆبەخشانە رێکخستووە و دوو هەفتەیە ئامادەکاریی بۆ دەکەن.
چیا قاسم گوتیشی، لە هەڵەبجە سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار زۆر بەیەکەوە گرێدراون. بۆیە ئامانجیان ئەوەیە ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە و بەروبوومە خۆماڵییەکان بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر بەکاربهێنن.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە هاوئاهەنگییەکی زۆرباشیان هەیە و بەردەوام لە پەیوەندیدان.
لەبارەی ئاماری هاتنی گەشتیارانیشەوە ئەو بەرپرسە دەڵێت، تیمەکانیان رۆژانە ئامارەکان وەردەگرن و رۆژی سێیەم بە فەرمی ژمارەی ئەو گەشتیار و سەردانکەرانە رادەگەیێنن کە سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
چیا قاسم دەڵێت، لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ناوچەکە کە 120 کۆمپانیای نێوخۆیی و دەرەکین، گرووپێکی گەورەیان هەیە، بۆیە رێکلامیان کردووە بۆ فێستیڤالەکە و پۆستەریان هەڵواسیوە، ئەوەش وایکردووە گەشتیارێکی زۆر بێن لە پارێزگاکانی نێوخۆ و پارێزگاکانی عێراق.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە راشیگەیاند، پلانی کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەنیان بۆ کەرتی گەشتیاری هەیە و ئێستا بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو، توانیویانە بەشێوەیەکی باش پارێزگاری لە سرووشتی پارێزگای هەڵەبجە بکەن.
بەرپرسەکە باس لەوەشدەکات، مانگێک و نیو زیاترە خەریکی ئامادەکارین بۆ فێستیڤاڵی هەناری ئەم ساڵ. گوتیشی، فێستیڤاڵەکە دەکەوێتە کۆتاییەکانی مانگی 10 و سەرەتای مانگی 11، بەڵام بەتەواوی رۆژەکەیان دیارینەکردووە.
بە گوتەی چیا قاسم، دیاریکردنی رۆژەکانی فێستیڤاڵی هەنار پەیوەستە بە دوو فاکتەرەوە؛ پێگەیشتنی بەرهەمی هەنار و گونجاویی کەشوهەوا. فێستیڤاڵەکەی ئەم ساڵیش چوار رۆژ دەبێت نەک سێ رۆژ.
پار نزیکەی 420 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵی هەناریان کردبوو لە هەڵەبجە.
"ئەم ساڵ بەرهەمی ترێ زۆرباشە"
سەیفور ئەحمەد، باخەوانێکی هەڵەبجە کە ترێ بەرهەمدەهێنێت دەڵێت، ئەم ساڵ بەرهەمی ترێ زۆرباشە بەپێچەوانەی بەرهەمەکانی دیکەوە.
سەیفور گوتی، شەش جۆر بەرهەمی ترێی چاندووە و کیلۆیەکی بە نزیکەی 1500 بۆ دوو هەزار دینار دەفرۆشێت.
ئەو باخەوانە دەڵێت، بەرهەمەکەیان بە تەواوی سرووشتی و خۆماڵییە و هیچ مادەیەکی کیمیایی تێدا بەکارناهێنرێت.
سەیفور ئەحمەد گوتیشی، رۆژانی هەینی لە رێگەی هەفتەبازاڕێکەوە کە ستار مەحموود، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە رێکیخستووە، بەرهەمەکانیان لێدەکەنەوە و دواتر دەیفرۆشن و بەبازاڕی دەکەن.
"هێزی ئەمنی و پۆلیسی پێویست نێردراوە"
فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری قەزای خورماڵیش کە لە فێستیڤاڵەکە بەشدار بوو بۆ رووداو دەڵێت، لەسەر راسپاردەی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە، کۆبوونەوەی ئەمنییان کردووە و هێزی ئەمنی و پۆلیسی پێویست نێردراوە بۆ فێستیڤاڵەکە و هەوڵدەدەن هیچ کەموکوڕییەکی ئەمنی لە فێستیڤاڵەکە نەبێت.
فەرەیدوون مەحموود دەڵێت، یەکێک لە گرفتەکانی خورماڵ هاتووچۆیە، پڕۆژەیەی دووسایدکردنی ئەو رێگەیەی بۆ قەزایەکە دێت، بڕیار بوو ئەم ساڵ تەواو بکرێت، بەڵام هێشتا تەواونەکراوە بەهۆی نەبوونی بودجەوە و کارەکانی وەستاون.
بەڕێوەبەری قەزای خورماڵ دەڵێت، بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە، بەشی زۆری کێشەی هاتووچۆی ناحیەکەیان چارەسەر دەبێت.
ئەو بەرپرسەی خورماڵ گوتیشی، ئەم ساڵ سێ فێستیڤاڵیان بۆ بەبازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی قەزاکە رێکخستووە و هاوکاریی جووتیاران دەکەن.
"زۆر کەس وەک چارەسەر بەرهەمەکانم دەکڕن"
شەرمین نەوشیروان، خانمێکی خاوەنکارە کە لە فێستیڤاڵەکە بەشدار بوو و رایگەیاند، لە کارگەکەیان بەناوی شەرمین خانم، سرکەی سێو و دۆشاو بەبێ مادەی کیمیایی بەرهەم دەهێنن.
ئەو خاوەنکارە دەڵێت، خۆمان میوەکان هەڵدەگرینەوە و پیشەسازی تێدا دەکەین. سەرجەمیشیان سرووشتین و زۆرێک لە هاونیشتمانیان داوای بەرهەمی تەواو کوردەواری دەکەن.
شەرمین نەوشیروان باس لەوەشدەکات، دوو کەس لەلای کاردەکەن و خواست لەسەر بەرهەمەکانی بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت. گوتیشی، زۆر کەس وەک چارەسەر بەرهەمە سرووشتییەکانی دەکڕن.
ئەو دەڵێت، کارەکانی زیاتر لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەکات و لە زۆربەی شارەکان کڕیاری هەن.
"لە فێستیڤاڵەکان بەرهەمە دەستییەکانم دەفرۆشم"
هانا جەمال، خانمێکی دەستڕەنگین کە بەرهەمی دەستی دروست دەکات، بەشداربوویەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەیە و دەڵێت، بەرهەمی خۆماڵی لە کارە دەستییەکانی بەکاردەهێنێت.
ئەو دەڵێت، سەرەتا بەرهەمەکان وشک دەکاتەوە و دواتر لە کارەکانی بەکاریان دەهێنێت.
هانا جەمال دەڵێت، لە قەزوان بابەتی جوانکاری دروست دەکات و لە فێستیڤاڵەکاندا بەرهەمەکانی دەفرۆشێت.
ئەو خانمە دەڵێت، پێنج ساڵە خەریکی ئەو کارەیە و لە منداڵییەوە خولیای کارەکەی هەبووە. ئێستاش خەرجییەکانی رۆژانەی لە رێگەی ئەو کارەیەوە دابین دەکات.
"بە گژوگیای سنە بژێویی خۆی و کچەکەی دابین دەکات"
مەستوورە، خانمێکی دەستڕەنگینی خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە رێگەی فرۆشتنی چەندین جۆر گژوگیای دەرمانییەوە بژێوی ژیانی دابین دەکات.
ئەو هاونیشتمانییە لە کوێستان و شاخە بەرزەکانی ناوچەکەیانەوە گژوگیا و گوڵی دەرمانیی جۆراوجۆر کۆدەکاتەوە و لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشێت، کە بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان.
مەستوورە، بەرهەمەکانی لە شێوەی چا و گیراوەی جۆراوجۆردا نمایش دەکات، لەوانە "چای قورمز" کە لە گوڵە خەتمی دروست دەکرێت و بۆ چارەسەری کۆکە بەسوودە، هەروەها پونگە بۆ هەڵامەت و زەعتەریش بۆ هەوکردن.
ئەو دەڵێت، "هەموو ئەم بەرهەمانە خاسیەتی پلە یەکیان هەیە و بە نرخێکی هەرزان دەیانفرۆشین، نرخەکان لە 2,000 دینارەوە دەست پێدەکات."
شانازیی گەورەی مەستوورە، کچەکەیەتی کە پزیشکی پسپۆڕی گژوگیای دەرمانییە. ئەو باوەڕی وایە کە پێکەوە دەتوانن چارەسەری سەد لە سەدی نەخۆشییەکانی وەک چەوریی جگەر و بەردی گورچیلە بکەن. ئەم کارە هاوبەشەی دایک و کچەکە نەک هەر یارمەتیی خەڵک دەدات، بەڵکو بووەتە مایەی دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان.
"هەنجیری زەڵم یەک خولەک لە بازاڕدا نامێنێتەوە"
دلێر قادر، باخەوانێکی ناوچەی زەڵمە و شانازی بە بەرهەمی هەنجیری ناوچەکەیانەوە دەکات. ئەو دەڵێت، "هەنجیری زەڵم یەک خولەک لە بازاڕدا ناوەستێت،" چونکە بەهۆی باشی و بەتاميیەوە خواستی زۆری لەسەرە و راستەوخۆ لە شارەکانی وەک سلێمانی، کەرکووک و هەولێر دەفرۆشرێت.
ئەو باخەوانە ئاماژە بەوە دەکات کە نهێنیی بەتاميی بەرهەمەکانیان لە سروشتیبوونیاندایە و، "نە هەنجیر و نە ترێیەکەمان هیچ دەرمان و پەینێکی کیمیایییان تێدا بەکارناهێنرێت، تەنانەت ترێیەکەمان تەنیا ئاوی بیر دەخواتەوە، بۆیە سەد لە سەد سروشتییە."
ئەو باس لە جۆرە جیاوازەکانی هەنجیر دەکات، وەک هەنجیری رەش، زەرد و مۆر، بەڵام بە بڕوای ئەو "باشترین هەنجیر، هەنجیری رەشە."
جگە لە فرۆشتنی ترێ، دلێر قادر و خێزانەکەی هەنجیر وشک دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە شەوانی درێژی زستاندا وەک شەوچەرە لەگەڵ گوێزدا بیخۆن. ئەم کارە نەریتێکی کۆنی ناوچەکەیە کە نەوە دوای نەوە پارێزگارییان لێ کردووە و تامی خۆشی بەرهەمی هاوینیان بۆ وەرزی سەرما هەڵگرتووە.
"کاری دەستیی زیو و کەهرەب داهاتێکی باشی هەیە"
خەلیفە بەڵێن، گەنجێکی دەستڕەنگینی خەڵکی زەڕایەنە و ماوەی 10 ساڵە کاری دەستیی دروستکردنی خشڵ و ئەنگوستیلە و تەسبیح لە زیو و بەردی گرانبەها دەکات.
ئەو دەڵێت، بەرهەمەکانی خواستی زۆریان لەسەرە و گرانترین ئەنگوستیلەی کە فرۆشتوویەتی، نرخەکەی 15 هەزار دۆلار بووە.
خەلیفە لە دووکانی خۆی لە زەڕایەن کار دەکات و شارەزاییەکی زۆری لە بەردەکاندا هەیە، بەتایبەت کەهرەب کە وەک خۆی دەڵێت، "شیلەی دارە و لە دەریای بەڵتیکەوە دێتە دەرەوە."
ئەو گەنجە خۆی زیوەکان دەکاتە چوارچێوە بۆ بەردە گرانبەهاکانی وەک کەهرەب، عەقیق، زومڕود و سەندەلوس، کە ئەمەش نرخ و جوانیی کارەکانی زیاتر دەکات. بەرهەمەکانی خواستی زۆریان لەسەرە، بەتایبەت لە شارەکانی بەغدا و نەجەف.
نرخی بەرهەمەکانی خەلیفە جیاوازە؛ بۆ نموونە، ئەنگوستیلەیەک کە چوار رۆژی پێدەچێت تاوەکو دروست دەبێت، نرخەکەی لە 150,000 دینارەوە تا 200,000 دینار دەبێت.
گرانترین تەسبیحی کەهرەبی کە لایەتی، نرخەکەی دەگاتە نزیکەی 450 دۆلار. ئەو دەڵێت، "ناسینی بەردی رەسەن لە بەردی نارەسەن ئاسان نییە و پێویستی بە شارەزایی هەیە".
