رووداو دیجیتاڵ
گرتەیەکی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێیدا "هەڕەشەی لەنێوبردن"ی کوردانی ئێزدی دەکات، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. حاکمی شەرعیی خەڵکی کوردستان دەڵێ، گوتەکانی ئەو مامۆستایە بیروبۆچوونی مامۆستایانی ئایینی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە.
رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2026 مامۆستا حەسەن ئەمینی، حاکمی شەرعیی خەڵکی کوردستان لە سنەوە میوانی بووڵتەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی گوتەکانی مەلا رامین ساڵحزادە رایگەیاند، "گوتەکانی ئەو مامۆستایە تەنیا بیروبۆچوونی خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی مامۆستایانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، تەنانەت بۆچوونی ئایینی ئیسلامیش نییە، لەبەر ئەوەی لە دینی ئیسلامدا شەڕ لەگەڵ بیروباوەڕدا نییە، بەڵکو شەڕ لەگەڵ ستەم و گەندەڵییە."
رامین ساڵحزادە پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گوندی ئەشتەراوای شاری بانەیە، لە گوتارەکەیدا سووکایەتیی بە کوردانی ئێزدی دەکات و هەڕەشەی کوشتن و سڕینەوەیان دەکات. مامۆستا حەسەن ئەمینی، ئەو گوتانە بە دژی پێکەوەژیان لە ئاینی ئیسلام ناودەبات و دەڵێ: "لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، لە حکومەتی مەدینە کە یەکەم حکومەتی ئیسلامییە، جوو و کەسانی دەرەوەی ئیسلامی تێدا دەژیان و کەس دژایەتی نەکردن".
مامۆستا حەسەن ئەمینی گوتی: "دەبێ ئەو مامۆستایە تێبگەیێندرێ کە ئەو قسانەی کردوویەتی، دین نییە و تەنیا بۆچوونی خۆیەتی".
مەلا رامین هاوکات لە بانە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ماتۆرسکیل دەکات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ: "ئەو کردارە دوورە لە هەموو بەهایەکی ئاینی و مرۆڤایەتی." نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە "کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان رەگی مێژوویی هەیە."
هەروەها موراد ئیسماعیل حەسەن، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد رێکاری دیپلۆماسی و یاسایی بەرامبەر ئەو مامۆستا ئاینییە بگرێتەبەر و لە رێگەی ئێرانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستانیش رایگەیاند: "ئەو جۆرە وتارانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکەش بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی، هاونیشتمانییان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی ئەو مامۆستا ئاینییەیان کرد و بە درووستکردنی دووبەرەکی و دژایەتیکردنی کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستانیان ناوبرد.



