رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت. وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکی یەکێتی بۆ سەردانکردنی تاران بانگهێشت کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا "هەردوولا بیروڕایان دەربارەی دوا پێشهاتە ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد و تاوتوێی رێگەچارەکانی کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئێستایان کرد". بافڵ تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کردەوە وەک کاریگەرترین رێگە بەرەو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، بافڵ تاڵەبانی دەستخۆشی لە عەباس عێراقچی کرد بۆ هەوڵە دیپلۆماسییە "بنیاتنەرەکانی" لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانە بۆ ململانێکان.
نووسینگەی سەرۆکیی یەکێتی دەڵێ: "هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە مێژووییە ستراتیژییەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان کرد و پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، دراوسێیەتی باش و سەقامگیریی ناوچەکە دووپاتکردەوە."
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کردووە: "وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی سەرۆک بافڵی کرد بۆ تاران بەمەبەستی گفتوگۆی زیاتر لەسەر لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی."
هاوکات میدیای فەرمیی ئێران وردەکاریی زیاتری لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باسی هاوئاهەنگیی زیاتریان کردووە.
وەک میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، بەشێک لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لەبارەی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانەوە بووە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باس لە ئاسایشی سنووری نێوان سنووری سلێمانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە.
دەقی ئەو نووسینەی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە میدیای فەرمیی ئێران بڵاوکراوەتەوە:
سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، بەهێزکردنی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان لە سنوورە هاوبەشەکان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ پێشوازی و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن، هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ناوچەی سلێمانی، بە جەختکردنەوە لەسەر گەشەپێدان و فراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکان تاوتوێ کرا.
هاوکات، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاوکارییە ئەمنییەکان کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان، دابینکردنی سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەکان و رووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی هەڕەشە تیرۆریستییەکان لەسەر بنەمای رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق.




