رووداو دیجیتاڵ
دڵشاد قارەمانی تەمەن 34 ساڵ، دانیشتووی شاری هەولێرە و باوکی دوو منداڵە، چیرۆکی ژیانی بووەتە تێکۆشانێکی بەردەوام لەگەڵ نەخۆشیی وەستانی گورچیلە. ئەگەرچی سێ گورچیلە لە جەستەیدان، بەڵام ئێستا ژیانی بەستراوەتەوە بە ئامێری شوشتنی گورچیلەوە و بۆ مانەوەی لە ژیان، پێویستی بە چاندنی گورچیلەی چوارەم هەیە.
ساڵی 2016، دڵشاد بۆ یەکەمجار هەردوو گورچیلەی لەکارکەوتن، ئەو کاتە دایکی گورچیلەیەکی خۆی پێبەخشی و ژیانی رزگارکرد. بەڵام دوای 10 ساڵ، رۆژێک پێش جەژنی رەمەزان، پزیشکەکان پێیان راگەیاند کە گورچیلە چێندراوەکەش لەکارکەوتووە.
دڵشاد قارەمان، بە رووداوی گوت: "هەر خولەکێکم مردنێکە، هەر کاژێرێکم مردنێکە. لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدام. کرێچی بووم و خاوەنی دوو منداڵم، ئیشی گرانم دەکرد و پێموایە ئەوە هۆکار بوو."
ئەو باوکی کوڕێکی 12 ساڵ و کچێکی 8 ساڵە. پێشتر بە مووچەی مانگانەی 500 هەزار دینار کاری سیکوریتی دەکرد، بەڵام ئێستا چوار مانگە بێکارە و لە خانوویەکی کرێدا دەژی کە مانگانە 250 هەزار دینار دەدات.
دڵشاد دەڵێت، خەرجییەکانی زۆرن و هیچ دەرامەتێکی نییە. باس لەوە دەکات کە دۆخی تەندروستیی ئەو کاریگەریی لەسەر دایکیشی داناوە و دەڵێت: "ئەو کاتەی دایکم گورچیلەی پێدام و ئێستا کە وام لێهاتەوە، لە خەمی مندا جەڵتە لێیدا، ئەمە بۆ من زۆر ناخۆشە."
تێچووی نەشتەرگەریی چاندنەوەی گورچیلە بۆ دڵشاد بە 60 ملیۆن دینار مەزەندە کراوە. باوکی، کە لە بازاڕ کاری سکڕاب دەکات، دەڵێت، ئەگەر ناچار نەبوونایە، هەرگیز داوای یارمەتییان نەدەکرد.
باوکی دڵشاد بە رووداوی گوت: "ئیدی ئیشی پێناکرێت، تەواو بووە. حەزدەکەم وەک پیاوێکی تەندروست ئیشی خۆی بکات و منەتی کەسی هەڵنەگرێت، بەڵام کە پێیناکرێت، دەمانەوێت چارەیەکی بکەین تاوەکو بژی."
دڵشاد هەفتانە سێ رۆژ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر گورچیلەکانی دەشواتەوە و لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا، 29 بوتڵ خوێنی وەرگرتووە.



