رووداو دیجیتاڵ پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ئاوی دەریاچەی ورمێ لە 19ی ئابی ئەم ساڵدا، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، حەوت هێندە زیادی کردووە. ئەمڕۆ سێشەممە، رەزا رەحمانی رایگەیاند، بەهۆی باشبوونی دۆخی دەریاچەکە و پێشبینییەکانی کەشناسی بۆ بەردەوامیی بارانبارین لە مانگەکانی داهاتوودا، نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکانی دەوروبەری دەریاچەکە و دابینکردنی ژێرخانی گواستنەوەی گونجاو بۆ گەشتیاران بووەتە "پێویستییەکی سەرەکی". دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئاوی سوێری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو. ئەو کاتەی کێشەی وشکبوونی نەبوو، رووبەری دەریاچەکە پێنج هەزار و 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە و 16 مەتر قووڵ بوو. پار بەهۆی وشکەساڵییەوە، زۆربەی دەریاچەکە وشک هەڵات، بەڵام پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، ئەم ساڵ حەوت هێندەی پار ئەم کاتە ئاوی تێدایە. رەزا رەحمانی تیشکی خستە سەر پێگە و گرنگیی سنوورەکانی پارێزگاکە و گوتی: "سنوورەکانی ئەم ناوچەیە دەرفەتێکی بێوێنەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنەران، گەشەپێدانی بەرهەمهێنان و رەخساندنی هەلی کاری بەردەوام." داوای لە کۆمپانیا گەورە ئابوورییەکانیش کرد لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکان چالاکتر بن و بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری ورمێ، تەواوکردنی پڕۆژە نیوەچڵەکانی وەک لە پێشینەترینی کارەکانی ئیدارەکەی ناوزەدکرد و گوتیشی: "تەواوکردنی ژێرخانی پەروەردەیی و تەندروستی وەک قوتابخانە و نەخۆشخانەکان بۆ ئێمە لەپێشینەن؛ چونکە پشتگوێخستنی ئەم کەرتانە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی جدی لە داهاتوودا."