رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئێران بەردەوامە لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن گەنمی جووتیارانی پێنج پاریزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەرگیراوە.
بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و خاکی بەپیتەوە، پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان رۆڵێکی سەرەکییەکان لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی ئێراندا هەیە. ئەم ناوچانە بەهۆی بارانبارینی گونجاو بۆ کشتوکاڵ، بە ''کۆگەی گەنم''ـی ئێران دەناسرێن.
''هێشتا هیچ پارەیەک بۆ جووتیارانی سنە خەرج نەکراوە''
پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە لە پلەی دووەم تاوەکو سێیەمی بەرهەمهێنانی گەنمدا دێت لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، نزیکەی 800 هەزار بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار تۆن گەنم لەم پارێزگایە بەرهەم دەهێنرێت.
ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای سنە لەسەر رووبەری زیاتر لە 680 هەزار هێکتار گەنم چێنراوە، کە 41 هەزار هێکتاری بەرئاو و 640 هەزار هێکتاریشی دێمییە.
ئەمڕۆ دووشەممە 10-08-2026، سەعدی نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سنە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 521 هەزار و 752 تۆن گەنمی جووتیارانی سنوورەکە بایی 25 ترلیۆن و 290 ملیار تمەن (136 ملیۆن و 702 هەزار دۆلار)، وەرگیراوە.
بەگوتەی سەعدی نەقشبەندی، لەو بڕە گەنمە، 114 هەزار و 441 تۆنی تایبەتە بە بیجاڕ، 101 هەزار و 136 تۆنی لە جووتیارانی قوروە وەرگیراوە، لە سەقز 96 هەزار و 954 تۆن و هەروەها لە سەوڵاواش 473 تۆن گەنم وەرگیراوە.
سەرەڕای وەرگرتنی زیاتر لە 521 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە دەڵێت، هێشتا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە. ئەوە کێشەیەکی جووتیارانە کە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.
''47٪ـی پارەی گەنم بۆ جووتیارانی ئیلام خەرج کراوە''
هەرچەندە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای ئیلام بەراورد بە چوار پارێزگاکەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمترە، بەڵام ناوچەی دێڵوران یەکێکە لە ناوچە هەرە بەپیتەکان بۆ چاندنی گەنم.
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئیلام، ساڵانە نزیکەی 300 هەزار بۆ 400 هەزار تۆن گەنم لە پارێزگاکە بەرهەم دەهێنرێت کە بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا لە ناوچە سنوورییەکانی ئیلام، دروێنەی گەنم زۆر زووتر (لە مانگی نیسان و ئایارەوە) دەستیپێکردووە.
دوێنێ یەکشەممە ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی ئیلام ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی نیسانەوە 244 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە.
وەک ئەسغەر باباخانی دەڵێت، ئەو بڕە گەنمەی تاوەکو ئێستا وەرگیراوە، بایی 12 ترلیۆن و 376 ملیار تمەن ( 66 ملیۆن و 897 هەزار دۆلار) بووە.
جووتیارانی پارێزگای ئیلام رەخنە لە شێوەی دابەشکردنی پارەی گەنم و دواخرانی پێدانی شایستە داراییەکانیان دەگرن و دەڵێن، پێویستە پارەکەیان بە یەک گوژمە پێبدرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵە و خزمەتگوزاریی بازرگانیی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا بە سێ گوژمە پێنج ترلیۆن و 874 ملیار تمەن (31 ملیۆن و 751 هەزار دۆلار) دراوەتە جووتیاران.
ئەسغەر باباخانی گوتی، وەرگرتنی گەنم تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب لە سنووری پارێزگاکە بەردەوام دەبێت و پێشبینیش دەکات، تاوەکو ئەو کات، سەرجەم شایستەداراییەکانی جووتیاران دابەش بکرێ.
'تەنیا 10٪ـی شایستە داراییەکانی جووتیارانی لوڕستان دراوە''
پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان پارێزگایەکی شاخاوی و پڕئاوە کە ساڵانە 500 هەزار بۆ 600 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمی دەبێت.
لوڕستان 735 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی و باخداری هەیە کە زیاتر لە 550 هەزار هێکتاری دێمییە و 185 هەزار هێکتاریشی بەراوە.
بەگوتەی ئومێد ئومێدی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئابووری، ئەم ساڵ نزیکەی 280 هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پارێزگاکە کراونەتە گەنم.
بەپێی ئینفۆگرافیکێک کە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستان بڵاوی کردووەتەوە، تاوەکو سەرەتای ئاب، 278 هەزار و 715 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
وەک لە ئینفۆگرافیکەکەدا هاتووە، بۆ وەرگرتنی گەنم، کۆیەشت بە 74 هەزار و 434 تۆن لە پلەی یەکەمدا دێت، دواتر ئەزنا بە 44 هەزار و 405 تۆن لە پلەی دووەمدایە و خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگاکەش بە 31 هەزار و 473 تۆن گەنم پلەی سێیەمی سەر ئاستی لوڕستانی هەیە.
کەمترین بڕی گەنمیش لە شاری چگینیی سەر بە پارێزگاکە وەرگیراوە، کە دوو هەزار و 847 تۆنە.
دوایین ئاماری پێدانی شایستە داراییەکانی جووتیارانی لوڕستان سەرەتای مانگی ئاب بڵاوکراوەتەوە کە بەگوتەی ئومێد ئومێدی، جێگری پارێزگار، تاوەکو ئەو کاتە لە 13 ترلیۆن تمەن (70 ملیۆن و 270 هەزار دۆلار)، تەنیا ترلیۆنێک و 300 ملیار تمەن (حەوت ملیۆن و 27 هەزار دۆلار) بۆ جووتیاران خەرج کراوە کە دەبێتە نزیکەی 10٪ـی کۆی شایستە داراییەکانیان.
وەک ئومێد ئومێدی دەڵێت، پێشبینی دەکرێ تاوەکو کۆتایی قۆناخەکە، نزیکەی 200 هەزار تۆن گەنمی دیکە لە جووتیاران وەربگیرێت و سەرجەم گەنمی وەرگیراو بگاتە زیاتر لە 460 هەزار تۆن.
''زیاتر لە 625 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کرماشان وەرگیراوە''
پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی چەندین دەشتی پان و بەپیتە بۆ چاندنی گەنم. لەوانەش ماهیدەشت بە رووبەری 100 هەزار هێکتار، کە بە تەنیا نزیکەی 20٪ـی گەنمی کرماشان لەخۆدەگرێ.
ساڵانە لە کرماشان 800 هەزار بۆ ملیۆنێک تۆن گەنم بەرهەم دەهێنرێت و هەمووکات لە ریزبەندی پێنج پارێزگا یەکەمەکاندایە لەسەر ئاستی ئێران.
لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 440 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی کراوەتە گەنم، کە 100 هەزار هێکتاری ئاوی و 340 هەزاریشی دێمییە.
ئەم ساڵ لە کرماشان، کۆتاییەکانی مانگی ئایار دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا. بەگوتەی ئەمیر نووری، سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵە و خزمەتگوزارییە بازرگانییەکان، تاوەکو سەرەتای ئاب، 625 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کرماشان وەرگیراوە کە بڕی پارەکەی دەکاتە 30 ترلیۆن و 937 ملیار و 500 ملیۆن تمەن.
وەک ئەمیر نووری دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا 10٪ـی شایستە داراییەکانی جووتیارانی پارێزگاکە بە چەند گوژمەیەک خەرجکراوە، کە دەکاتە سێ ترلیۆن و 93 ملیار و 750 ملیۆن تەمەن.
نزیکەی 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی ورمێ وەرگیراوە
ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای ورمێ لەسەر رووبەری زیاتر لە 406 هەزار هێکتار، گەنم چێنراوە کە 106 هەزار هێکتاری بەراو و 300 هەزار هێکتاریشی دێمییە.
ساڵانە بە لەبەرچاوگرتنی بڕی بارانبارین، لە ورمێ 650 هەزار بۆ 900 هەزار تۆن گەنم بەرهەم دەهێنرێت کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە بۆ ئەم ساڵ پێشبینیی 800 هەزار تۆنی کردووە.
لەسەر ئاستی پارێزگای ورمێ، شاری بۆکان بۆ گەنم پلەی یەکەمی هەیە و بە ''کۆگەی دانەوێڵە'' ناسراوە. هەروەها شارەکانی وەک نەغەدە، پیرانشار، میاندواو و ورمێ، رۆڵی سەرەکییان لە دابینکردنی گەنمی پارێزگاکەدا هەیە.
محەممەدڕەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، تاوەکو 8ـی ئاب، 386 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی سنوورەکە وەرگیراوە و رادەستی سایلۆکان و کۆگە تایبەتەکان کراوە.
بەگوتەی محەممەدڕەزا ئەسغەری، تاوەکو ئێستا 50٪ـی شایستە داراییەکانی جووتیارانی ورمێ دراوە کە کۆی شایستەداراییەکانیان نزیکەی 19 ترلیۆن و 800 ملیار تمەنە.
''کۆی گەنمی وەرگیراو 7.5 ملیۆن تۆنی تێپەڕاندووە''
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران، تاوەکو ئیستا زیاتر لە 7.5 ملیۆن تۆن گەنمی جووتیارانی ئێران وەرگیراوە کە بەپێی ئەو ئامارانەی خرانەڕوو، زیاتر لە دوو ملیۆن و 70 هەزار تۆنی تایبەتە بە پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
وەک لە ئامارە فەرمییەکانی حکومەتدا هاتووە، کۆی پارەی گەنمە رادەستکراوەکە دەکاتە 371 ترلیۆن و 250 ملیار تمەن (دوو ملیار و شەش ملیۆن و 756 هەزار دۆلار) کە نزیکەی 101 ترلیۆن و 500 ملیار تمەنی ( 548 ملیۆن و 648 هەزار دۆلار) پشکی جووتیارانی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
هوشەنگ هادیان پوور، گوتەبێژی لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی ئێران گوتی، تاوەکو ئێستا 100 ترلیۆن تمەن بۆ جووتیاران خەرجکراوە و بڕیارە تاوەکو 13ـی مانگ، 110 ترلیۆن تمەنی دیکەش خەرج بکرێ، کە بەگشتی سەرجەم گوژمەکە دەکاتە زیاتر لە یەک ملیار و 135 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا لە کۆی 100 ترلیۆن تمەنی پارەی خەرجکراو بۆ جووتیاران، نزیکەی 20 ترلیۆن تمەن (113 ملیۆن و 513 هەزار دۆلار)ی تایبەتە بە گەنمی رۆژهەڵاتی کوردستان.


