رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێری سۆناری پشکنین لە بازگەی چیمەن، قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی دروست بوو و سەدان ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی چەندین کاژێر گیریان خوارد.
بەهۆی لەکارکەوتنی ئامێری پشکنینی سۆنار لە بازگەی چیمەن، رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک و سلێمانی قەرەباڵخییەکی زۆری تێکەوت. بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە چیمەنەوە تاوەکو نزیک شارۆچکەی قەرەهەنجیر ریزیان بەستبوو.
بەهۆی ئەوەی بەشێک لە شۆفێران هەوڵیاندا بە سایدی بەرامبەردا بڕۆن، رێگەی هاتن و چوون بۆ ماوەی زیاتر لە چوار کاژێر بە تەواوی داخرا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی کە دەوام و کاریان هەبوو، لە ئۆتۆمبێلەکانیان دابەزن و بە پێ رێگەکەیان تەواو بکەن.
سارا فەرهاد، کارمەندێکی تەندروستییە لە قەرەهەنجیر و بە رووداوی گوت: "رێگەکە داخراوە، ئێمە لە بنکەی تەندروستی بووین و گیرمان خواردووە. نە دەتوانین بگەڕێینەوە و نە دەتوانین بڕۆین، بۆیە وا بە پێ دەگەڕێینەوە."
لە نێو قەرەباڵخییەکەدا دەیان ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێلی دیکە کە نەخۆشیان پێبوو، گیریان خواردبوو و شۆفێرانیش گلەیی و نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕی.
شۆفێرێک گوتی: "من لە تەندروستیی چەمچەماڵ دەوام دەکەم، نزیکەی چوار کاژێرە لێرە وەستاوم." شۆفێرێکی دیکەش گوتی: " ئەگەر پێیان چارەسەر ناکرێت با واز بهێنن."
شۆفێرانی بارهەڵگر کە زیانی سەرەکییان بەرکەوتبوو، یەکێک لە شۆفێرەکان گوتی: "نۆ کاژێرە لێرەم، لە کاژێر 3ی بەرەبەیانەوە چاوەڕێم."
لەکاتی رووماڵی رووداوەکەدا، ئەفسەرێکی ئەمنی هەوڵی رێگری لە تیمی رووداو دا، بەڵام دوای روونکردنەوەی ئەرکی میدیایی لە گەیاندنی راستییەکان، ئەفسەرەکە داوای لێبوردنی کرد.
ئامێری سۆنار لە بازگەی چیمەن وەک رێکارێکی ئەمنی بۆ پشکنینی ئەو بارهەڵگرانە بەکاردێت کە بەرەو خاڵە گومرگییەکان دەچن.


