رووداو دیجیتاڵ
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەرکۆنەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە دەکات کە کراونەتە سەر خێزانە کوردە ئاوارەکان لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی و رایدەگەیێنێت، "هەر کەسێک تێوەگلابێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
رۆژی دووشەممە 10-08-2026 مەزڵوم عەبدی لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین کرانە سەر خێزانە کوردە ئاوارەکان لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ سەرێکانی، کە پڕۆسەی گەڕانەوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا کرابوو."
ئەو هێرشەی کرایە سەر ئاوارەکان کاردانەوەی شەقامی کوردیی لە رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە، مەزڵووم عەبدی لەبارەی کاردانەوەکان دەڵێت، "لەو تووڕەییەی لە شەقامی کوردیدا بەرامبەر ئەم هێرشانە دروستبووە تێدەگەین، بەڵام لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکەکەمان دەکەین دان بەخۆدا بگرن."
عەبدی هۆشداریی دایە هاونیشتمانییان، "نەکەونە داوی هیچ کارێکی نابەرپرسانە و پارێزگاری لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانمان بکەن."
سەبارەت بە پاراستنی گەڕاوەکان و سەقامگیری ناوچەکە، عەبدی جەختی کردەوە، ئەوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هاوئاهەنگیدان بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی مەدەنییە ئاوارەکان لەکاتی گەڕانەوەیاندا. هەروەها بەڵێنی دا، "هەر کەسێک تێوەگلانی لەم هێرشانەدا بۆ بسەلمێندرێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی مافی گشتى و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە."
ئەمڕۆ دووشەممە ئاوارەکانی سەرێکانی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان رووبەڕووی هێرشی ئەو عەرەبە هاوردانە بوونەوە، کە براونەتە شارەکە.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کرابوو، ئەمڕۆ بڕیار بوو 600 خێزانی کورد کە لە پێشتر بەهۆی داگیرکردنی سەرێکانییەوە ئاوارە ببوون، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەهۆی هەندێک کێشەی لۆجستی ژمارەیان بۆ 410 خێزان کەمکرایەوە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا رووبەڕووی پەلامار و گێچەڵپێکردنی عەرەبی هاوردە بوونەوە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، چەندین چەکدار دەبیندرێن لەسەر ماتۆڕەکان تەقە دەکەن و دەڵێن، "یەڵلا بجووڵێن بگەڕێنەوە،" بۆیە ئاوارەکان ناچار دەبن بگەڕێنەوە.
ئەو هەڵسوکەوتەی چەکدار و عەرەبە هاوردەکانی سەرێکانی ناڕەزایی کوردانی حەسەکە و قامشلۆی لێکەوتەوە. ژمارەیەک گەنج چوونە سەر باڵەخانەی ئەمنی گشتی و ئاڵای سووریایان هێنایە خوارەوە.
عەبدولحەلیم سلێمان، چالاکڤان لە قامشلۆ، کە خەڵکیی سەرێکانیێیە بە رووداوی راگەیاند: "خێزانە ئاوارەکان بەبێ کێشە وەڕێکەوتن، کاتێک کە گەیشتنە ناوشارەکان هێرشیان کرایە سەر، بەڵام ناتوانین بڵێین هێرشکارەکان کێ بوون، بەڵام هەموویان چەکدار بوون."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانە، چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر چەند خێزانێک، هەڕەشەیان لە خەڵک کرد، ویستیان لە شارەکە دەریان بکەن، بەڵام خەڵکەکە رازی نەبوون و گوتیان زێدی خۆمانە.
سەبارەت بە ناسنامەی چەکدارە هێرشکارەکان، عەبدولحەلیم سلێمان، گوتی: "ئەو چەکدارانە خەڵکی رەسەنی شارەکە نین و عەرەبی هاوردەن، خەڵکی دێرەزوور و حەلەبن و ژمارەیان 700 خێزان دەبێت، پێویست بوو ئەوانە پێشتر دەربچن لە شارەکە، بەڵام دەرنەچوون."
لیژنەیەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان پێکهێنراوە، کە بەر لە گەڕانەوەی ئاوارەکان هاوئاهەنگی دەکەن، بە تایبەتی لە رووی ئەمنییەوە. عەبدولحەلیم سلێمان پێیوایە لیژنەکەی سەرێکانی شکستی هێناوە لە هاوئاهەنگی، بۆیە ئەمڕۆ ئەو کێشەیە دروست بوو.
عەبدولحەلیم سلێمان زیاتر لە بارەی چەکدارە هێرشکارەکان قسەی کرد و گوتی: "ئەو چەکدارانە سەر بە سوپای پێشووی نیشتمانی سووریان، کە بە پشتگیری تورکیا سەرێکانیان داگیر کرد، زۆربەیان نایانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و دەستیان بەسەر ماڵ و موڵکی کوردی شارەکەدا گرتووە. ئێستاش ژمارەیەکیان فەرمانبەری حکومەتن و دامەزراون و نایەنەوێت لە شارەکە دەربچن.
بە گوتەی عەبدولحەلیم سلێمان ئەو ئاوارانەی ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە زۆربەیان لە گوندەکانی دەوروبەری حەسەکە و قامشلۆ نیشتەجێ بوون، زۆربەیان ئەمڕۆ تەنیا ویستوویانە تەنیا سەردانی خانووەکانیان بکەن، بۆیە کێشە دروست بووە.



