رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 93ـەمین ساڵیادی رۆژی شەهیدی ئاشووری دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی لە پەیامەکەی دا سڵاوی "رێز و وەفاداری بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی بێتاوانی کۆمەڵکوژیی سێمێل نارد" و ڕایگەیاند: "لە ساڵی 1933 دا دانیشتووانی زیاتر لە 60 گوندی پارێزگاکانی موسڵ و دهۆک بوونە قوربانیی دەستی دەسەڵاتی ئەوکاتی پاشایەتیی عێراق."
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەم یادە پڕ لە ئازارە دەبێتە دەرفەتێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر پاراستن و قووڵترکردنەوەی کولتووری فرەیی و پێکەوەژیان."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و دەڵێت: "کوردستان بۆ هەمیشە بە نیشتمانی هاوبەشی هەمووان دەمێنێتەوە."



