پۆلیس و داواکاری گشتیی شاری ئۆگسبورگ لە ئەڵمانیا بە رووداویان گوت، عەرەبێکی سووریایی تەمەن 29 ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی دوو پیاوی کورد دەستگیر کراوە.
بەپێی زانیاریی چالاکڤانانی کورد، یەکێک لە
قوربانییەکان تەمەنی 39 ساڵە و خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، ئەوی دیکەیان تەمەنی 54
ساڵە و خەڵکی سلێمانییە؛ بەڵام پۆلیس تاوەکو ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی ئاشکرا نەکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ی ئابی 2026، داواکاری گشتیی
ئۆگسبورگ و پۆلیسی ناوچەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا کە بۆ کەهی مەحموود، هەواڵسازی
تۆڕی میدیایی رووداویان ناردووە، دەستگیرکردنی ئەو کەسەیان بە تۆمەتی "کوشتنی
بەقەست" پشتڕاست کردەوە.
پۆلیس ئاشکرای کرد، تەرمی هەردوو پیاوەکە رۆژی
دووشەممە کاژێر 16:00 لە ناو کۆنتێنەرێکی خۆڵ و خاشاکی کەمپی پەنابەران دۆزراونەتەوە.
دەگوترێت ناسیاوێکی کوردە کوژراوە تەمەن 54 ساڵە سلێمانەییەکە، پۆلیسی ئاگادار
کردووەتەوە کە رەنگە هاوڕێکەی لە بارودۆخێکی خراپدا بێت.
بکوژ و کوژراوێکیان لە یەک ژووردا بوون
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، لێکۆڵینەوەکان لە
ناو کەمپەکەدا تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام بوون، بەڵام هێشتا زانیاریی فەرمی لەسەر هۆکاری
تاوانەکە و ئەو چەکەی بەکارهاتووە بڵاو نەکراوەتەوە.
پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، کوژراوەکان و بکوژ، لە
ناو هەمان کەمپدا ژیاون و گومانلێکراوە 29 ساڵانەکە و پیاوە تەمەن 54 ساڵەکە لە یەک
ژووردا بوون.
تیمێکی تایبەت لە پۆلیسی تاوانکاریی ئۆگسبورگ پێکهێنراوە
بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە. دێرک وورم، سەرۆکی شارەوانیی ئۆگسبورگ، لەبارەی ئەم رووداوەوە
گوتی: "ئەم هەواڵە ئێمەی هەژاندووە. دڵم لای بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکانە."
بەپێی زانیارییەکانی شارەوانیی ئۆگسبۆرگ، دوای
ئەم رووداوە کەمپەکە چۆڵ کراوە و 4 کەس لە نیشتەجێبووانی کەمپەکە لەلایەن نووسینگەی
نیشتەجێکردنەوە لە خانوویەکی فریاگوزاریدا هێڵدراونەتەوە، ئەوانی دیکەش لای کەسوکاریان
دەمێننەوە.
ئەو کەمپە، پەنابەری وڵاتانی وەک سۆماڵ، تورکیا، پاکستان، سووریا، عێراق و چەند وڵاتێکی دیکەی تێدا نیشتەجێ بوو.



